Abdullah Shukur
07 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 08 ئەیلوول 2016
ئەنقەرە - AA
جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا نورەدین جانیکلی لەبارەی پرسیاری ئەوەی کە ئایا لەگەڵ ئەمریکا بە ھاوبەشی ئۆپەراسیۆنی رەققە ئەنجام دەدرێت؟ گوتی: "بەرێز ئۆباما داوایەکی ھەبوو. بەرێز سەرکۆماریشمان بە گەرمی پێشوازی لێکردووە. بڕیاری کۆبوونەوەی تەکنیکی دراوە. ئێستا گفتوگۆکان بەردەوامن. دەمەوێ بڵێم وەک تورکیا بە گەرمی پێشوازی لەم ئۆپەراسیۆنە دەکەین".
جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا نوردین جانیکلی لە دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی تورکیا چەند لێدوانێکی گرنکی پێشکەش کرد.
جانیکلی لەبارەی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات گوتی: "تاکو ئێستا بە کۆی گشتی ٧٧٢ کیلۆمەتر لە چەکدارانی تیرۆریستی داعش پاککراوەتەوە و چووەتە ژێر کۆنترۆڵی سوپای سووریای ئازاد".
جانیکلی لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکە زیاتر گوتیشی: "لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا تاکو ئێستا لە ماوەی ١٥ رۆژدا بەداخەوە چوار شەھید و ١٩ بریندارمان ھەیە. چوار تانکمان زیانی زۆری پێگەیشت و ئۆتۆمبێلێکی زرێپۆشیش زیانێکی کەمی پێگەیشتووە. سوپای سووریای ئازادیش ١٦ شەھید و ٢٧ برینداری ھەیە. ھاوکات رێکخراوانی تیرۆریستی داعش، پەیەدە و یەپەگە زیاتر لە ١١٠ کوژراو و پێنج برینداریان ھەیە".
جانیکلی راشیگەیاند کە کارەکانی دووبارە نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی جەرابلوس و دابینکردنی پێداویستییەکان بەردەوامە. گوتیشی: "تاکو رۆژی دووشەممەی داھاتوو، ئاو دابین دەکرێت و تاکو رۆژی شەممەش پێداویستی وزە دەستەبەر دەکرێت".
ھاوکات جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا لەبارەی لێکۆڵینەوە لە دۆزی رێکخراوی تیرۆریستی فەتۆ گوتی: "لە دوای دەرکردنی ئەم بڕیارانە ئەگەر ھەر ھەڵەیەک لە دوایدا دەرکەوێت ئەوا بە چ شێوازێک ئەمانە لەکارەکانیان دوورخراونەتەوە بە ھەمان شێوازیش دەگەڕێنەوە سەر کارەکانی خۆیان. لە بڕیارنامەی نوێی حکوومەت، نزیکەی ١٥ دامەزراوەی پەروەردەیی کە بە تۆمەتی پەیوەندی بە رێکخراوی تیرۆریستی فەتۆ لە بڕیانامەی پێشووی حکوومەت داخرابوون، دووبارە کرانەوە و رادەستی خاوەنەکانیان کران".
جانیکلی ھەر لەبارەی لێکۆڵینەوە لەم دۆزە و لەکار دوورخستنەوەی فەرمانبەرانی سەر بە رێکخراوی تیرۆریستی فەتۆ گوتی: "زیاتر لە ٥٠ ھەزار فەرمانبەر لە چوارچێوەی بڕیارنامەی حکوومەت لە کارەکانیان دوورخرابوونەوە، تاکو ئێستا تەنھا لە ژێر سەدا ١ی ئەمانە ھاتوونەتە لامان بە تانەی ئەوەی کە پەیوەندیان بە رێکخراوی تیرۆریستی فەتۆ نییە. لە نێو ئەمانەش ھەڵسەنگاندن بۆ تانەکان کراوەوە ئەوانەی کە بە راستی پەیوەندیان پێوە نییە نەگەیشتووەتە سەدا ٣-٥. ئەمەش دروستی کارەکانی ئێمە دەردەخات".
لە لایەکی دیکەش جانیکلی لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی سوپای تورکیا دژی چەکدارانی پەکەکە گوتی : "لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی تیرۆری جوداخواز لە نێوان ١٥ی ئاب تاوەکو ٧ی ئەیلوول، دەستبەسەر ١٣.١ تۆن ئامۆنیۆم نیترات، ٣٣٩ دانە قلینە غاز کە بۆ دروستکردنی مادەی تەقێنەرەوە بەکار دێت، کراوە و ١٢٩ بۆمبی دەستیش پووچەڵ کراوەتەوە. ھەر لە چوارچێوەی چالاکی ھێزەکانی ئەمنی و یەکەکانی ھەواڵگری، رێگری لە ٢٢٩ رووداوی گرنگ کراوە کە ١٥٥ لەوانە رێگریکردن بووە لە مادەی تەقێنەوە و ٣٩ لەوانە رێگریکردن بووە لە ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو و ١٩ لەوانە رێگریکردن بووە لە خۆکوژی و ٢٤ لەوانەش ئامادەکاریی بۆ ھێرش و دەستگیرکردنی چەکدارانی ئەو رێکخراوە بووە".
.