Ramal Abdullah Mahmood
05 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 06 ئەیلوول 2017
بەرلین – AA
راوێژکری ئەڵمانیا، ئەنگێلا مێرکڵ رایگەیاند کە تورکیا لە پرەنسیپە یاساییەکان دوورکەوتۆتەوە لەبەرئەمە لە کۆبوونەوەی کۆنسەی ئەورووپا کە لە مانگی تشرینی یەکەم ئەنجام دەدرێت گفتوگۆ لەبارەی راگرتن یان کۆتایی هێنان بە دانوستانەکانی تورکیا بۆ بوونە ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا دەکەن.
لە دواهەمین هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن لە پەرلەمانی ئەڵمانیا، ئەنگێلا مێرکڵ گوتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە دا کە دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی ئەڵمانی لە تورکیا بە مەبەستی سیاسییە و گوتی: "پێشهاتەکان زۆر نیگەران بەخشن. تورکیا لە هەندێک رووەوە زۆر بە خێرایی لە پرەنسیپە یاساییەکان دوورکەوتۆتەوە".
ناوبراو تیشکی خستە سەر ئەوەی کە حکوومەتی وڵاتەکەی هەموو هەوڵێکی خستۆتە گەڕ بۆ ئازادکردنی هاووڵاتییانی ئەڵمانی لە تورکیا و گوتی: "ئەم جۆرە هەڵسوکەوتە بەرامبەر هاووڵاتییانی ئەڵمانی و رەوشی گشتیی تورکیا، بەدڵنیاییەوە وا دەکات بیر لە پپێداچوونەوە بە پەیوەندییەکانماندا بکەین لەگەڵ تورکیا".
راوێژکری ئەڵمانیا، ئەنگێلا مێرکڵ سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا کە لەم بارەیەوە یەکەم هەنگاویان ناوە و گوتی: "لە قۆناغی سەرۆکایەتی ئیستۆنیادا کە رەوشەکە بەمجۆرە مابۆوە، ویستمان لە مانگەکانی داهاتوو بابەتی فراوانکردنی یەکێتیی گومرک بخرێتە بەرباس. هەروەها بۆ کۆبوونەوەی کۆنسەی ئەورووپا کە مانگی تشرینی یەکەم ئەنجام دەدرێت پێشنیاز دەکەم لەبارەی داهاتووی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا گفتوگۆ بکرێت. لە میانی گفتوگۆکەدا راگرتن یان کۆتایی هێنان بە دانوستانەکانیش تاوتوێ دەکرێن".
ئەنگێلا مێرکڵ ئاماژەی بەوە دا کە پارتەکەی هەمیشە بە گومانەوە لە بوونە ئەندامی تورکیا لە یەکێتیی ئەورووپای رووانیووە و خۆیشی لە دژی ئەوە بووە، بەڵام لەبەر رەچاوکردنی رێککەوتننامەکان بەردەوامیان داوە بە دانوستانەکانیان و گوتی: "لەبەرئەمە ئەورووپا پێویستی بە زۆرینەیە. ئەم بڕیارە تەنها دەبێت بە وریاییەوە بیری لێبکرێتەوە. پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا ستراتیجی و زۆر گرنگن. لەبەرئەمە پێداگیربوون بەڵام لەگەڵ هاوبەشە ئەورووپییەکانمان بەیەکەوە کەوتینە جموجۆڵ و بڕیاری کۆبوونەوەم دا چونکە هیچ شتێک هێندەی گفتوگۆکردن لەبارەی پەیوەندییەکانی تورکیا لە ئەورووپا لەبەر چاوی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرسوڕهێنەر نابێت. ئەمە دیدگای ئەورووپا بە شێوەی دراماتیک لاواز دەکات. پێشنیاز دەکەم ئەمە نەکەین".
راوێژکری ئەڵمانیا، ئەنگێلا مێرکڵ لەبارەی تورکە ئەڵمانیانشینەکانیشەوە گوتی: "ئەوان خۆشگوزەرانی لە وڵاتەکەمان بەدی دەهێنن. نابێت روومان لەوان وەربگێڕین و دەبێت لەبارەی پێشهاتەکانی داهاتوو لەگەڵ ئەوان بدوێین. چونکە ئەوان پارچەیەکی دانەبڕاون لە وڵاتەکەمان و دەبێت بۆ ئەوان روونی بکەینەوە".