Abdullah Shukur,Mazın Asad
30 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 31 کانوونی یەکەم 2016
ئەنتاڵیا
وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولوود چاوشئۆغڵو، رایگەیاند کە تورکیا و رووسیا گەرەنتیدەری ئەو دوو بەڵگەنامەیەن کە لە چوارچێوەی ئاگربەستی سووریا لە لایەن ئۆپۆزسیۆنی سووریاوە واژوو کراوە.
چاوشئۆغڵو بەمەبەستی کردنەوەی چەند پڕۆژەیەک، سەردانی شارۆچکەی ئەلانیای سەربە ئەنتاڵیا کرد و لەو شوێنەش لێدوانی پێشکەش بە رۆژنامەنووسان کرد.
چاوشئۆغڵو رایگەیاند کە ئێستا بە قۆناغێکی گرنگ تێپەر دەبن و لە لایەک بەرەنگاری دژی تیرۆر دەبنەوە و لە لایەکی دیکەش بەرەنگاری دژی ئەو ھەڕەشانە دەبنەوە کە ئاراستەی تورکیا دەکرێت.
چاوشئۆغڵو جەختی لەوە کردەوە کە بەمەبەستی کۆتایھێنان بە کێشەی سووریا ھەوڵی زۆریان داوە و بۆ ماوەی شەش ساڵیشە ئەم ھەوڵانە بەردەوامن.
چاوشئۆغڵو جەختی لەوە کردەوە کە تاکو ئەمڕۆ ھیچ رێککەوتننامەیەک سەرکەوتوو نەبووە و لەوبارەیەوە گوتیشی: "ھەموو جارێک رێککەوتنەکان پێشێڵکراون. بەڵام نەمانتوانی بێ ھەڵوێست بین بەرامبەر ئەم تراژیدیایەی لە پاڵمان سەریھەڵداوە. بۆیەش ھەوڵەکانمان زیاتر خستەگەڕ، چوار خول لەگەڵ ئێران کۆبووینەوە. لە دوای ئاسایبوونەوەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ رووسیا، ھەوڵی تەواومان داوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی سووریا".
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاشکراشی کرد کە لە دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ رووسیا، گرووپێکی کارکردنی ھاوبەشیان پێکھێناوە و گوتیشی: "ئامانجی ئەم گرووپەی کارکردن، تاوتوێکردنی دۆزینەوەی چارەسەری قەیرانی سووریا بوو. ھاوکات تاوتوێی چۆنییەتی گەیاندنی ھاوکاری مرۆیی و دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی بوو".
چاوشئۆغڵو لە درێژەدا باسی لە پێشھاتەکانی شاری حەلەب کرد و گوتی: "بەداخەوە حەلەب رووخێنرا. بە بێ ویژدانەوە بۆردومانکرا. ژمارەیەکی زۆری مرۆڤی بێ تاوان کوژران. ئێمە بۆ کۆتاھێنان بەم قەیرانە، لەگەڵ رووسیا ھەوڵی دووقۆڵیمان داوە، لە دوای ئەمەش ئێرانیش ھاتە نێو کارەکە. لەم قۆناغەش ئێوە ئاگاداری پەیوەندی تەلەفۆنی سەرکۆمارمان ئەردۆغان لەگەڵ پوتین، ئۆباما و مێرکڵن. لە ئەنجامی ئەمەش زیاتر لە ٥٠ ھەزار کەسمان لە شاری حەلەب رزگارکرد. ٤٥ ھەزار کەس بە پاس و ئەو ئۆتۆمبێڵانەی کە نێردراون، رزگار کران. بەشێکی ئەمانە بەرەو تورکیا ھاتوون. بەشێکی زۆریشی چوونەتە ئیدلیب".
چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوەش دا کە ھەوڵی تێکدانی رێککەوتنەکە دراوە و راشیگەیاند سەرەڕای بوونی گرووپ و رێکخراوە تیرۆریستییەکان، کەچی رێککەوتنەکە سەرکەوتوو بوو.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەوەشی خستەڕوو کە لە پێناو دۆزینەوەی رێگەچارەیەکی سیاسی بۆ قەیرانی سووریا، لەگەڵ ھەموو لایەک بۆچوونیان ئاڵۆگۆر دەکەن و گوتیشی: "ئێمە ھەوڵەکانمان خستەڕوو و دوێنێ بە مەبەستی جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە لە سەرتاسەری سووریا رێککەوتن ئەنجامدرا. ئێمە گەرەنتیدەری ئەم رێککەوتنەین. بەم پێیەش تورکیا و رووسیا گەرەنتیدەری ئەم دوو بەڵگەنامەیەن کە لە لایەن ئۆپۆزسیۆنی سووریا واژوو کراون. وڵاتی رووسیاش گەرەنتیدەری ئەم بەڵگەنامەیەیە کە رژێمی ئەسەد واژووی کردووە. ھەروەکو ئەوەی کە ئێرانیش لە مۆسکۆ بەڵێنی داوە، پێویستە کاریگەری خۆی بە شێوەیەکی ئەرێنی لەسەر حزبوڵا و رژێم و گرووپە شیعە مەزھەبەکانی دیکە بەکاربھێنێت".
چاوشئۆغڵو ھەروەھا گوتیشی: "لە ھەنگاوی داھاتوودا پێویستە ئاگربەستەکە و رێککەوتننەکە بکرێتە ھەمیشەیی. پێویستە لە ژێر رۆشنایی بنەماکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و بڕیارنامەی ٢٢٥٤ی ئەنجوومەنی ئاسایش و ھەروەھا رێککەوتنەکانی جنێڤ، ھەوڵ بۆ ئاگربەست و چارەسەری سیاسی بدرێت. لە ھەنگاوی دواتردا پێویستە ئاگربەستەکەی سەرانسەری سووریا، یەکجارەکی بێت. ئێمە ئاگادارین کە ھەندێک لە لایەنەکان بە رێککەوتنەکە خۆشحاڵ نین کە بە ھەندێک گرووپەکانی ناوچەکەشەوە. بە ھەمان شێوە ھەندێک لە وڵاتانیش خۆشحاڵ نین بە رێککەوتنەکە و ئەمەش لە روونکردنەوەکانیاندا ھەست پێدەکەین، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی پشتگیرییەکی زۆر لە ئارادایە. ھەموو لایەک ماف بە کردارەکانی تورکیا و رووسیا لەوبارەیەوە دەدەن. ئێمە ئیتر لە بابەتی سووریادا لە ناوجەرگی کارەکەین. تاوەکو ئەمڕۆ ھەڵوێستی روونمان نیشان دا و لە ھەموو لایەک راشکاوتر بووین. دەمانەوێت بە بینینی رۆڵێکی گرنگ لەو پرسە، درێژە بە قۆناغەکە بدەین".