Ekrem Payan
28 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 28 کانوونی یەکەم 2022
شرنەخ - AA
لە پارێزگای شرنەخ بە بەشداری ٥٣ پاسکیلسواری ١٥ پارێزگای تورکیا "فێستیڤاڵی پاسکیلسواری" بەڕێوەچوو.
فێستیڤاڵەکە بە بەشداری پارێزگاری شرنەخ، عوسمان بیلگین لە مەیدانی کۆماریی ناوەندی شرنەخ، رێکخرا.
عوسمان بیلگین لە میانی گوتەیەکیدا باسی لەوە کرد کە شرنەخ لە هەموو بوارەکاندا بەرەوپێشدەچێت و لە هەموو جۆرەکانی وەرزشیشدا سەرکەوتنی جۆراوجۆری بەدەستهێناوە، گوتیشی: "هەرچەندە شرنەخ هەڵکەوتەیەکی شاخاوی هەیە، بەڵام کەسانێکی زۆر هەن کە خولیای پاسکیلسوارییان هەیە. هەربۆیە ئێمەش فێستیڤاڵی پاسکیلسواری دەکەینە نەریتێکی شارەکە و لە ساڵی داهاتووشدا، ١٤ چالاکی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی تایبەت بە پاسکیلسواری، ساز دەکەین".
ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا کە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ گۆڕینی ئەو تێڕوانینە نەرێنییەی لە بارەی شرنەخ هەیە و رایگەیاند: "شارەکەمان دەکەینە شارێکی گەشتیاریی و پیشەسازیی کە لە هەموو بوارەکانی وەک وەرزش، کولتوور، هونەر و بەرهەمهێنان، بەرەوپێشچوون بەخۆوەببینێت. دەمەوێت لە ساڵی ٢٠٢٣شدا لەگەڵ هەڤاڵان و دانیشتووانی شارەکە بەگڕوتینێکی زیاترەوە بەرەو ئامانجەکانی ئایندە هەنگاو بنێین".
لای خۆشییەوە، بەڕێوبەری وەرزش و لاوانی پارێزگای شرنەخ، عەبدوڵڵا ئایار باسی لەوە کرد کە لە چەند ساڵی رابردوودا، وەرزشوانانی شرنەخ توانیویانە ئاستێکی باشتر لە ئاستی وەرزشوانانی چەندین پارێزگای دیکەی تورکیا، پێشکەش بکەن و گوتی: "شارەکەمان لەڕووی وەرزشەوە ئایندەیەکی پرشنگداری هەیە. پێشتر تەنها سێ بۆ چوار هەزار وەرزشوانی خاوەن بڕوانامەمان هەبوو، بەڵام لەئێستادا ئەو ژمارەیە ٢٥ هەزاری تێپەڕاندووە. بەردەوامیش دەبین لە کارەکانمان و هەوڵدەدەین ئەو ژمارەیە بگەینینە ٥٠ هەزار".
دوای گوتارەکانیش ٥٣ پاسکیلسوارەکە لە ناوەندی شرنەخ-ەوە تا شارۆچکەی جزیر بەدرێژایی ٤٥ کیلۆمەتر، پاسکیلسوارییان کرد.