Halil İbrahim Sincar
25 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 26 کانوونی یەکەم 2021
ماردین - AA
بەبۆنەی ھاتنەوەی سەری ساڵی نوێ و یادی لەدایکبوونی حەزەتی مەسیح، لە کلێسای مێژوویی کرکلار سەربە شارۆچکەی ئارتوکلوی پارێزگای ماردین رێوڕەسمی ئایینی بەڕێوەچوو.
لەو رێوڕەسمە ئایینییەدا کە لەلایەن قەشەی کلێسای دەیرولزەفەران، گابریال ئاککورت و سەرکڵێسای کلێسای کرکلار، کابریال ئاکیوز بەڕێوەچوو، نمایشی کردنەوەی ئاگر بۆ لەدایکبوونی حەزرەتی عیسا ئەنجامدرا.
لەو رێوڕەسمەدا، بەمەبەستی ھاتنەدی ئاواتەکان، چەندین مۆم داگیرسێندران، دواتریش گرووپی پیاوان و رێبەرە رووحانییەکان لە دەوری ئەم ئاگرە خولانەوە و گرووپی ئافرەتانیش سروودی ئایینیان گوتەوە.
لە رێوڕەسمەکەدا بۆ ئاسوودەبوونی گشت جیھان، نزا کرا و بە ھەردوو زمانی تورکی و سریانی سروودی ئاینی گوترایەوە.

دواتریش گرووپی سریانی لە نێو باخچەی کلێساکەدا جەژنە بیرۆزەیان لەیەکتر کرد.
قەشە گابریال ئاکیوز لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند کە ئەوان ھیوا دەخوازن ئەم جەژنە ببێتە مایەی ئاشتی،ئاسوودەیی و تەندروستی بۆ گشت جیھان.
گابریال ئاکیوز ئەوەشی خستەڕوو کە ئەم رێوڕەسمە بۆ ئەوان زۆر گرنگە و گوتیشی: "ھیوا دەخوازم ئەم جەژنە ببێتە مایەی ئاشتی، ئاسوودەیی و تەندروستیی بۆ گشت جیھان. ئەمڕۆ گشت نزاکانمان بۆ ئەو مەبەستە بوو. گەورەترین نزاشمان بۆ کۆتایھاتنی ئەم پەتایە بوو".

گابریال ئاکیوز ئەوەشی خستەڕوو کە ماردین شاری پێکەوەژیانە و لێرەدا ھەمووان پێکەوە ئەم جەژنە پیرۆز دەکەن.