Mazın Asad
24 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 25 شوبات 2016
ئەنقەرە
وەزیری گواستنەوە، دەریاوانی و گەیاندنی تورکیا، بیناڵی یڵدرم ئاماژەی بەوە دا کە پردی سێیەمی ئیستانبوڵ بەرەو ھەنگاوی کۆتایی ھاتووە و گوتیشی: "پێشبینی دەکەین ١٥٠ مەتر مابێت بەیەک ببەسترێت. لە ماوەی ٥ تا ١٠ رۆژدا کۆنکرێت و ھێڵەکانی ھەڵواسینی پردەکە دەردەکەوێت. پردەکە لە مانگی ئایار تەواو دەبێت بەڵام دەمانەوێت رێگەکانی سەری، ھاتن و چوون گشتیان بەیەکەوە بکەینەوە. بۆیە لە مانگی ئابی ئەمساڵ بە تەواوی رێگەکانی سەری و پردەکە کۆتایی پێ دێت".
یڵدرم ئاماژەی بەوە دا فڕۆکەخانەی سێیەمی ئیستانبوڵ دەبێت بە گەورەترین فڕۆکەخانەی جیھان کە بە ھەماھەنگی کەرتی حکوومی و تایبەت دروست کراوە و راشیگەیاند پرۆژەی فڕۆکەخانەکە ١٠ ملیار ٢٤٧ ملیۆن یۆرۆی تێدەچێت کە لە ھەنگاوی یەکەمدا توانای گواستنەوەی ٩٠ ملیۆن گەشتاری دەبێت و لە شوباتی ٢٠١٨ دەکرێتەوە.
وەزیری گواستنەوە، دەریاوانی و گەیاندنی تورکیا روونیشی کردەوە لەگەڵ تەواوبوونی گشت ھەنگاوەکانی دروستکردنی فڕۆکەخانەکە، کاری دروستکردنی ١٦٥ پرد، توانای ساڵانە ١٥٠ ملیۆن گەشتار و شەش راڕەوی فڕگە و ١٢ رێگەی تاکسی لە فڕۆکەخانەکە کۆتایی پێ دێت و ئاشکرای کرد کە فڕۆکەخانەکە وەک شارێکی لێ دێت کە لە ھەمان کاتدا توانای لەخۆگرتنی ٥٠٠ فڕۆکە و گەراجیکی داخراو و کراوە دەبێت کە ٧٠ ھەزار ئۆتۆمبێل لەخۆ دەگرێت.
لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی بەرواری تەواوبوونی پردی یاڤوز سوڵتان سەلیم، یڵدرم گوتی: "پێشبینی دەکەین١٥٠ مەتر مابێت بەیەک ببەسترێت. لە ماوەی ٥ تا ١٠ رۆژدا کۆنکرێت و ھێڵەکانی ھەڵواسینی پردەکە دەردەکەوێت. پردەکە لە مانگی ئایار تەواو دەبێت بەڵام دەمانەوێت رێگەکانی سەری، ھاتن و چوون گشتیان بەیەکەوە بکەینەوە. بۆیە لە مانگی ئابی ئەمساڵ بە تەواوی رێگەکانی سەری و پردەکە کۆتایی پێ دێت".
یڵدرم لە درێژەدا جەختی لەسەر ئەوە کرەوە کە پردەکە بە فراوانی ٥٩ مەترەوە پانترین پردی جیھان دەبێت کە لە ھەشت ھێڵی ئۆتۆمبیڵ و دوو ھێڵی شەمەندەفەر پێک دێت و گوتیشی: "بەرزایی مینارەی پردەکە ٣٢٢ مەتر لە ئاستی دەریا بەرز دەبێت. ھاوکات خێراترین پردی جیھانە کە لە ماوەیەکی کەمدا دروست دەکرێت".