Rewa Mahmut Hasan
24 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 26 شوبات 2016
گەڤگەلی
بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن،٧٣٠ پەنابەری عێراقی و سووری لە قەزای گەڤگەلی مەقدۆنیا کە دەکەوێتە سەر سنووری یۆنان، گواسترانەوە بۆ ناوچەی تابانۆڤچ لە سنووری سربیا.
جگە لەوانەی کە گواستراونەتەوە بۆ سنووری باکوور لە مەقدۆنیا، لە ئێستادا ١٥٠ پەنابەری سووری و عێراقی لە گەڤگەلی لە چاوەڕوانیدان.
بەرپرسانی کۆمیسیاریای باڵای پەنابەران سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە گەڤگەلی ئاماژە بەوە دەکەن کە تا ئێستا تەنیا رێگە بە ژمارەیەکی سنووردای ئاوارەی سووری و عێراقی دەدرێت کە لە سنوورەکان بپەڕنەوە.
ئەو بەرپرسانە ئاماژە بەوە دەکەن کە پەنابەرەکان لە کەمپەکاندا لە خاکی مەقدۆنیا دەمێننەوە کاتێک ژمارەیان گەیشتە بڕی پێویست، رەوانەی تابانۆڤچ دەکرێن. لەسەر سنووری یۆنانیش زیاتر لە دوو هەزار پەنابەری سووری و عێراقی لە چاوەڕوانیدان.
بەرپرسان ئاماژە بەوە دەکەن دیاریکردنی ژمارەی ئەو پەنابەرانەی رێگەیان پێ دەدرێت بپەڕنەوە بۆ سنوورەکان، بەندە بە بڕیاری وڵاتانی ئەورووپای رۆژئاوا.