ماردین
وەزیری ناوخۆی تورکیا (موعەمەر گولەر) بەبۆنەی ھاتنی جەژنی قوربان سەردانی شار و شارۆچکەکانی سەر بە ماردینی کرد. لە شارەوانی (گۆکچە) بە دەھۆڵ زوڕنا لەگەڵ ھاووڵاتیان ھەڵپەڕکێی کرد. بەھۆی ئەو پێشوازیە گەرمەش، وەزیری ناوخۆی تورکیا سوپاسی ھاووڵاتیانی کرد و رایگەیاند کە ئەو پشتگیریان دەکات بۆ ئەوەی ماردین ببێتە شارەوانیەکی گەورە. لەمبارەیەوە گوتی:" ھێزی ھەرە گەورەی ئێمە پشتگیری ئێوەیە. شوکور بۆ خوا لەسایەی ئەو پڕۆسەیەی کە ٩ مانگە حکوومەت دەستپیپێکردووە، ئارامی باڵی بەسەر دەڤەرەکەدا کێشاوە و دەخوازین بەردەوامبێ. تا ئێوەش لە دەوربەرمان بن، ئەو ئارامیە بەردەوام دەبێ".
دوای سەردانی گۆکچە، گولەر سەردانی ئۆرتاکۆی کرد، لەوێش بە ھەلھەلەی ژنان پێشوازی لێکرا. موعەمەر گولەر لەگەڵ سەرۆک شارەوانی ئۆرتاکۆ (محەمەد چاکماک) جەژنی قوربانی لە ھاووڵاتیان پیرۆزکرد و ھیوای خواست بەرەدەوام بەیەکەوە بژین.
وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند کە لەسایەی پڕۆسەی ئاشتی، ئارامی بەرقەراربووە و پێویستە لەمەولاش ھەر بەردەوام بێ و گۆتی" ئەوەی جەژنمان دەکاتە جەژن یەکێتیمانە. بەیەکەوەژیان، برایەتی بە پڕۆسەی ئاشتی تێپەڕدەبێت. سوپاس بۆ خوا فرمێسکی دایکان و خوێن ناڕژێ. حکوومەتی ئاک پارتی، بەسەرۆکایەتی سەرۆک وەزیر (رەجەب تەیب ئەردۆغان) زۆر بە ھێمنی وەک کاری چنین ھەنگاو بەھەنگاو ئەو پڕۆسەیە پێش دەخات. پاکێجی دیموکراتزاسیۆنی ئامادەکرد. ئامانج لەو پاکێجەیەش درووستکردنی یەکێتی بەرقەراربوونی ئاشتی و بونیادنانەوە یە".