Abdullah Söylemez
03 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 05 تەمووز 2023
ئاگری - AA
لە ماوەی نۆ رۆژی پشووی جەژنی قورباندا، نزیکەی ٤٠ هەزار کەس سەردانی کۆشکی مێژوویی ئیسحاق پاشایان لە قەزای دۆغوبایەزید سەربە پارێزگای ئاگری کردووە.
ئەم کۆشکە کە ناوی خراوەتە لیستی میراتی کاتی یونیسکۆوە لەسەر گردێک بونیاد نراوە کە چواردەوری بە چیای بەرز دەورە دراوە و مزگەوت، ژمارەیەک ژوور، گڵکۆ و حەوشەی ناوەوە و دەرەوە، دیوان و ژمارەیەک هۆڵ لەخۆ دەگرێت.

بەپێی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کولتوور و گەشتیاریی ئاگری لە رۆژانی پشووی جەژندا، نزیکەی ٤٠ هەزار کەس سەردانی کۆشکەکەیان کردووە.
گەشتیارانی ناوخۆ و بیانی وێنەیەکی زۆریان لە کۆشکەکەدا گرتووە کە بە تەلارسازییە ناوازەکەی سەرنج رادەکێشێت، هەروەها سەردانی گۆڕی ئەحمەدی خانی و قەڵای ئورارتو و مزگەوتی کۆنی بایەزیدیان کردووە.
شوێنەوارە مێژووییەکە و چڕی سەردانیکەران لەلایەن تیمی ئاژانسی ئانادۆڵو وێنەی گیرا.

شاخەوان ئاندی ماکنزی کە لە بەریتانیاوە هاتبوو بۆ بینینی کۆشکە مێژووییەکە، بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، چانسی بینینی کۆشکی ئیسحاق پاشا و چیای ئاگری و کولتووری ناوچەکەی هەبووە.
شاخەوان ئاندی ماکنزی بە ئاماژەدان بەوەی کە ئەوان تەلارسازیی کۆشکەکەیان زۆر بەدڵ بووە، گوتی: "هاتووین بۆ ئێرە بۆ سەرکەوتن بەسەر چیای ئاگری، هەروەها گەشتێکمان بۆ کۆشکی ئیسحاق پاشا ئەنجام دا. لێرەوە دەچینە وان، سەردانی دوورگەی ئەکدامار و قەڵای وان و مۆزەخانەکەی دەکەین".

عەبدولقادر باکش کە لە ماردین-ەوە هاتووە گوتی: "گەشتێکی مێژوویی زۆر خۆشە، یەکەمجارە کۆشکی ئیسحاق پاشا ببینین. پێمان وابوو جوانی بەردەکان تەنها لە ماردینە، بەڵام کۆشکی ئیسحاق پاشاش زۆر جوان و ناوازەیە. شێوە و مۆتیڤەکانیمان زۆر بەدڵ بوو".
ئایشەگول جان کە مامۆستای مێژووە و خەڵکی ئیستانبوڵە، باسی لەوە کرد کە بۆ یەکەمجار سەردانی کۆشکەکە دەکات و گوتی: "شوێنەوارێکی مێژوویی زۆر جوانە کە شایەنی سەردانی کردنە، ژمارەیەکی زۆر لە سەردانیکەران لە شوێنەکە دەبینرێن. سەردانیکردنی بەهای مێژوویی لەو شێوەیە، زۆر دڵخۆشم دەکات".