Rewa Mahmut Hasan
22 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 22 حوزەیران 2016
سەرۆکوەزیرانی تورکیا بینالی یڵدرم بەشداری کرد لە رێڕەسمی کردنەوەی چەندین پرۆژەداو دواتر بەربانگی لەگەڵ گرووپێکدا کردەوە.
لە رێوڕەسمەکەدا یڵدرم ئاماژەی بەو پرۆژەو خزمەتگوزاریانە کرد کە ئاکپارتی لە شاری ئاگری کردوویەتەوە و هەروەک سوپاسی خەڵکی شارەکەشی کرد کە زۆر روویان نەداوە بە پەکەکە.
یڵدرم ئەوەی بیر هەموو لایەک هینایەوە کاتێک کەوتنە رێگە (سەرەتای دامەزراندنی ئاکپارتی)، بەڵێنیان دا بە گەلی تورکیا کە هیچ شتێک وەک پێشوو نابێت و زۆر شت دەگۆڕن و راشیگەیاند کە ئەوان هیچ بەلایانەوە گرنگ نییە بە چ زمانێک قسە دەکەن، کوردی یان تورکی و نمونەی وەزیری ئابووری تورکیا محەمەد شیمشەکی هێنایەوە بۆ ئامادەبووان کە منداڵێک بووە لەگوندێکەوە هاتووەو ئابووری وڵاتێک بەڕێوەدەبات و گوتی: "ئەوانەی کە خوازیارن تورکیا بەش بەش بکەن، ئەوانەی هەوڵی دروست کردنی ناکۆکی لەناو ئێمەدا دەدەن، ئەوانەن کە هەرگیز بیر لە داهاتووی منداڵەکانتان ناکەنەوە، ئەمانە گوێ لە ئەفەندییەکانیان دەگرن، ئەوان چیان پێبڵێن ئەوە جێبەجێ دەکەن و هیچ باکیان بە ئێوە نییە".
لەبەشێکی تری گوتەکانیدا یڵدرم ئاماژەی بەوەدا تورکیا لەسەردەستی ئەوان گەشەسەندنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە لەبواری دیموکراسی، دەوڵەتی یاسا و دادپەروەرییەوە.