Eşber Ayaydın,Anıl Kuru
14 شوبات 2023•نوێکردنەوە: 23 شوبات 2023
غازی عەنتاب - AA
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی ناوچە کارەساتبارەکانی پارێزگای غازی عەنتابی بەسەر کردەوە کە بەهۆی ئەو بوومەلەرزە بەهێزانەی چەقەکەی پارێزگای قەهرەمانمەڕەش بوون و بە کارەساتی سەدە ناودەبرێت، زیانیان بەرکەوتووە.
نێچیرڤان بارزانی سەردانی ناوەندی قەیرانی کرد کە لە بەڕێوەبەرایەتی ئافاد لە غازی عەنتاب دامەرێنراوە و زانیاری سەبارەت بە دوایین رەوشی کارەساتەکە و کارەکانی گەڕان و رزگارکردن و بەهاناوەچوون وەرگرت.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان، ئاماژەی بەوە کرد کە بۆ دەربڕینی هاوخەمی و بەشکردنی ئەو ئازارە لەگەڵ گەلی تورکیا سەردانی ناوچەکەیان کردووە و داوای لێخۆشبوونی لە خودا بۆ ئەو کەسانە کرد کە لەو بوومەلەرزەیەدا گیانیان لەدەستداوە و شیفای بەپەلەشی بۆ برینداران خواست.
نێچیرڤان بارزانی باسی لەوە کرد کە تورکیا هەردەم لە رۆژە سەختەکاندا لەپاڵیاندا بووە و پشتیوانی کردوون، ئەوەشی خستەڕوو کە لە ناخەوە هەست بەو ئازارە دەکەن کە لە تورکیا روویدا و لە چەند ناوچەیەک چالاکی و ئاهەنگەکان راگیراون.
نێچیرڤان بارزانی باسی لەوەیش کرد کە دوا بە دوای بوومەلەرزەکە ئەوەی لە دەستیان هات بۆ پشتیوانی پێشکەشیان کرد و بەردەوامیش دەبن لەسەر هاوکارییەکان و گوتی: ''بەو توانا کەمەی لەبەردەستماندایە هەوڵماندا وەفای خۆمان بۆ گەل و دەوڵەتی تورکیا پێشکەش بکەین. پشتیوان بەخوا ئەم رۆژە ناخۆشانە دەبنە رابردوو و تێدەپەڕن. حکوومەتی تورکیا بەشێوەیەکی جیددی لەسەر ئەم کێشەیە راوەستاوە. تورکیا وڵاتێکی گەورەیە و لەو باوەڕەدام کە بە هەوڵ و تەقەلایەکی زۆر بەسەر ئەم کێشەیەدا سەردەکەوێت''.
هاوکات سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی سوپاسی هەموو ئەو کەسانەی کرد کە هاوکاربوون لە بەهاناوەچوون و هاوکارییەکان و پشتیوانیاین لە کارەکانی گەران و رزگارکردندا کردووە.