Büşranur Koca
02 ئاب 2024•نوێکردنەوە: 03 ئاب 2024
ئەنقەرە - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان لە دۆحە'ی پایتەختی قەتەر، سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی بەرپرسانی حەماس کرد.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە هەژماری تۆڕی کۆمەڵایەتی X ڕایگەیاند، "وەزیرەکەمان هاکان فیدان لە دۆحە سەرەخۆشی خۆی گەیاندە جێگری سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس خالد مەشعەل".
لە پەیامەکەی وەزارەتی دەرەوەدا ڕاشگەیاندراوە کە لە دیدارەکەدا هەروەها کوڕەکانی ئیسماعیل هەنییە، عەبدولسەلام و همام هەنییە ئامادە بوون.
٣١ی تەممووز سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس ئیسماعیل هەنییە کە بەمەبەستی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی سەرکۆماری نوێی ئێران پزیشکیان، لە تاران ئامادە بوو، کەوتە بەر پەلامار و تیرۆر کرا.
بە پێی ڕاگەیاندراوێکی سوپای پاسدارانی ئێران، هەنییە لە شوێنی مانەوەی خۆی لە تاران کراوەتە ئامانج. ئێران و حەماس، ئیسرائیل بە بکەری ئەو تیرۆرە تۆمەتبار دەکەن و تا ئێستا لەلایەن بەرپرسانی ئیسرائیل لەم بارەوە هیچ ڕاگەیاندراوێک بڵاو نەکراوەتەوە.