Mümin Altaş
10 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 12 ئادار 2022
ئەنقەرە - AA
هەوڵەکانی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لەنێوان رووسیا و ئۆکراینا و گواستنەوەی هاووڵاتییانی مەدەنی لە ناوچەی پێکدادانەکان لەڕێی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئانتاڵیاوە بەردەوام دەبن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان هەر لە یەکەم رۆژی دەستپێکردنی گرژییەکانی نێوان رووسیا و ئۆکراینا، هەوڵێکی چڕی لە مەیدانی نێودەوڵەتییدا خستووەتەگەڕ و لەگەڵ سەرکۆماری ئازەربایجان. ئیلهام عەلیێڤ کۆبوونەوەیەکی ساز کرد و پێکەوە لە بارەی هەنگاوەکان بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگ، گفتوگۆیان کرد.
کاتژمێر ١٨:٣٠ی ئێوارەی دوێنێش بە کاتی هەولێر، سەرکۆماری تورکیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن ئەنجام دا و تیایدا لە بارەی جەنگی رووسیا-ئۆکراینا گفتوگۆیان کرد.
- پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لە ئانتاڵیا بەردەوامن
ئەمڕۆ سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان بەشداری کۆڕبەندی ئانتاڵیا دەکات کە بابەتی کۆڕبەندەکە گفتوگۆکردنە لەسەر رێگاکانی کۆتایی هێنان بە جەنگی رووسیا-ئۆکراینا.
بڕیاریشە ئێوارەی ١٣ی ئادار ئەردۆغان لە شاری ئیستانبوڵ پێشوازی لە سەرۆکوەزیرانی یۆنان، کیریاکۆس میچۆتاکیس بکات.
- پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی ئەردۆغان لەگەڵ زێلێنسکی و پوتین
ئەردۆغان دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا لە بەیانی ٢٤ی شوباتدا لە کۆشکی کۆماریی لووتکەیەکی ئەمنی لەگەڵ ژمارەیەک لە وەزیرەکاندا ئەنجام دا.
دواتر پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمیر زێلینسکی ئەنجام دا. بۆ جاری دووەم لە ٢٦ی شوباتدا و بۆ جاری سییەمیش لە چواری ئاداردا ئەردۆغان پەیوەندی بە زێلێنسکی-یەوە کرد.
سەرکۆماری تورکیا لە شەشی ئاداردا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین ئەنجام دا و ئامادەیی تورکیای بۆ هەموو هاوکارییەک نیشان دا بۆ کۆتایی هێنان بە قەیرانی رووسیا-ئۆکراینا.