Sarp Özer
14 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 15 شوبات 2021
شرنەخ- AA
وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار بەیاوەری هەریەک لە سوپاسالار، یاشار گولەر وفەرماندەی هێزە زەمینییەکان، ئومیت دودندار و فەرماندەی هێزە دەریاییەکان، عەدنان ئۆزباڵ و فەرماندەی هێزە ئاسمانییەکان، حەسەن کوچوکئاکیوز سەردانی سەر سنووری تورکیا-عێراقی کرد کە لەوێوە ئۆپەراسیۆنی "چنگی هەڵۆ-٢" بۆسەر تیرۆریستانی پەکەکە لە ناوچەی گارە باکووری عێراق چاودێری و سەرپەرشتی دەکرێت.
خولوسی ئاکار دەربارەی دوایین رەوشی ئۆپەراسیۆنەکە لێدوانی دا و رایگەیاند "لە پێناو لە چالاکی خستنی پەکەکە/ کەجەکە و رێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکە، پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانمان و بە بەکارهێنانی مافەکانی بەرگری لەخۆکردنمان لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا لە ١٠ی شوباتی ٢٠٢١دا، ئۆپەراسیۆنی "چنگی هەڵۆ-٢" لە ناوچەی گارە باکووری عێراق دەستیپێکرد. لەم نێوەندەشدا زیاتر لە ٥٠ حەشارگە و کۆگای چەک و تەقەمەنی رێکخراوەکە لەڕێی ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی تێکشکێندراون."
وەزیری بەرگریی تورکیا، ئاماژەی بەوەشدا کە لە میانی ئۆپەراسیۆنەکەدا، ٤٨ تیرۆریست کوژراون و دوو تیرۆریستیش دەستگیرکراون.
- "ئۆپەراسیۆنێکی تا ئەوپەڕی تایبەت و هەستیارە"
وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار نزای لێخۆشبوونی بۆ ئەو سێ سەربازە کرد کە لە میانی ئۆپەراسیۆنی "چنگی هەڵۆ-٢"دا، شەهیدبوون و هیوای زوو چاکبوونەوەشی بۆ سێ برینداری ئۆپەراسیۆنەکە خواست.
خولوسی ئاکار دەربارەی گرنگی ئۆپەراسیۆنەکە گوتی: "ئۆپەراسیۆنێکی زۆر تایبەت و هەستیار ئەنجامدراوە. لە هەمان کاتدا بەهۆی فراوانی رووبەری ناوچەکە و نالەباری رەوشی کەشوهەوا، ئۆپەراسیۆنێکی زۆر سەخت بووە. توانیمان بەشێکی بەرچاو لە هەوڵەکانی پەلاماردانی سنوورەکانمان، هەڕەشەکانی تیرۆریستان بۆسەر هاووڵاتییانی مەدەنی و هێزە سەربازییەکانمان لەناوبەرین".
دواتر سوپاسالاری تورکیا، یاشار گولەر گوتەیەکی پێشکەش کرد و باسی لەوە کرد کە ماوەیەکی درێژە ئامادەکاری بۆ ئەم ئۆپەراسیۆنە ئەنجامدەدرێت و گوتی: "دوابەدوای ئۆپەراسیۆنەکانمان لە حەفتانین، خواکورک و ناوچەکانی دیکە رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە تەنگی پێهەڵچندرا و چەکدارانی رێکخراوەکە بەشێوەیەکی چڕ لە ناوچەی گارە نیشتەجێبوون. ئێمەش ئۆپەراسیۆنمان بۆسەر ئەم ناوچەیە ئەنجامدا".
١٣ هاووڵاتی تورک لەلایەن پەکەکەوە لە گارە کوژراون
وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار راشیگەیاند، کە تەرمی ١٣ هاووڵاتی تورکیان لە ئەشکەوتێکدا دۆزیوەتەوە کە بێ چەک بوون و گولەبارانکراون'.
خولوسی ئاکار گوتیشی، "لە کاتی پشکنینی یەکێک لە ئەشکەوتەکاندا تەرمی ١٣ ھاووڵاتیی سڤیلی بێچەکی تورکیا دۆزراونەتەوە، یەکێکیان گوللە بەر شانی کەوتووە و ١٢ ھاووڵاتییەکەی دیکە گوللە بە سەریانەوە نراوە و کوژراون".
- ئامانجەکان لە یەک کاتدا بۆردومانکران
سوپاسالاری تورکیا، یاشار گولەر باسی لەوەکرد کە ئۆپەراسیۆنەکە لە ١٠ی شوباتدا و لەڕێی ٤١ فڕۆکەوە ئەنجامدراوە و گوتی: "لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، فڕۆکە جەنگییەکان بەشدارن، بەڵام لە هەندێک ناوچەدا، بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکان کارێکی سەختە و پێویستە لەرێی زەمینییەوە بچینە ئەو ناوچانەوە. هەر لەبەر ئەمەیە تیرۆریستان ئەم ناوچەیەیان هەڵبژاردووە. لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنەکەشدا لە سێ خاڵی جیاوازەوە هەلیکۆپتەرەکانمان دەستیان بە بۆردومانکردنی ئامانجەکان کرد".