Hemin Hüseyin
01 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 02 ئەیلوول 2016
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، لیوا عەبدولخالق تەلعەت: "بە بەراورد لەگەڵ پێشووتر رێژەی تاوان کەم بووەتەوە و بەشێکی زۆری تۆمەتبارانیش خەڵکی دەورووبەری هەولێرن، جگە لەوەی کە دوو لە تۆمەتبارەکان خەڵکی شاری سلێمانی و دوو تۆمەتباری دیکەیش خەڵکی کوردستانی ئێرانن".
بەڕێوبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، لیوا عەبدولخالق تەلعەت لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دەستگیرکردنی 20 تۆمەتباری راگەیاند کە لە ماوەکانی رابردوودا تاوانی جۆربەجۆریان ئەنجامداوە و لە رێگای دەزگا ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئامارەکانی سێ مانگی رابردووی راگەیاند کە بریتیی بوون لە 10 تاوان و دەستگیرکردنی 20 تۆمەتبار.
لەو کۆنگرە رۆژنامەوانیەدا لیوا عەبدولخالق تەلعەت، گوتی: "لەماوەی رابردوودا چەندین تاوان لە ھەولێر روویانداوە و دواتر تۆمەتباران بە ئەنجامدانی ئەو تاوانانە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون و ئەوانیش بریتین لە دەستگیرکردنی دوو تۆمەتبار کە لەماوەی رابردوودا هەڵساون بە دزینی چەند ئۆتۆمبێلێکی تۆیۆتا پیک ئاپ هیلۆکس لەناو شاری هەولێر و دواتر لەلایەن هێزەکانی پۆلیس لە شارەدێی هەریر دەستگیرکران و دانییان بە تاوانەکەیاندا ناوە و ئەو دوو تۆمەتبار خەڵکی کوردستانی ئێرانن و یەکێکیان تەمەنی 22 ساڵ و ئەوەی دیکەشیان تەمەنی 48 ساڵە".
بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر گوتیشی: "کەیسی دووەم، لە گەڕەکی 32ی پاڕک بوو کە تایبەتە بە دەستگیرکردنی باندێکی چوار کەسی کە هەڵسابوون بە دزیکردن. دوای رووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ هێزەکانی پۆلیس و درووستبوونی تەقە لە نێوانیان، توانرا دەستگیر بکرێن و دەست بەسەر چەکەکانیشیاندا بگرێت هاوکات کۆمەڵێک پارە و زێڕیشیان لەلابوو، لە ئێستادا ئەو زێڕ و پارەیە لەلای ئێمەیە و چاوەڕوانی فەرمانی دادگا دەکەین تاوەکو رادەستی خاوەنەکانییان بکەینەوە".
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئاماژەی بە چەند حاڵەتێکی کوشتن کرد و گوتی: "تۆمەتبار م.ش.ص تەمەن 28 هەڵسابوو بە کوشتنی باوکی خۆی لەسەر کێشەیەکی خێزانی و لەلایەن هێزەکانی پۆلس دەستگیرکراوە و ئێستا بەپێی ماددەی 406 بەند کراوە".
لیوا عەبدولخالق تەلعەت گوتیشی: "سێ کەسی دیکە لە تۆمەتبارەکان کێشەیان لەگەڵ کەسێکی هاوڕێیان هەبووە و بەهۆی ئەو کێشەیە هەڵساون بە کوشتنی هاوڕێکەیان لەگەڕەکی کوران و ئەوانیش بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی بەند کراون".
لە درێژەی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر گوتی: "لەماوەی رابردوودا چەندین حاڵەتی دزیکردنی ئۆتۆمبێل هەبوو بەڵام خۆشبەختانە توانیمان دوو باند دەستگیر بکەین و باندێکیش دوێنێ لەلایەن هێزەکانی دژەتیرۆرەوە دەستگیرکراون بەڵام ئەو باندە هێشتا لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە بۆیە لێرەدا دەستگیرکردنی دوو باند دەخەینەڕوو کە ئەوانیش یەکێکیان باندێکی دوو کەسی بوون کە تەمەنییان 20 ساڵ و 27 ساڵە و دانییان بە تاوانەکەیاندا ناوە و باندی دووەمیش بریتیی بوون لە سێ کەس و لە دوکانێکی پارەگۆڕینەوە دزییان کردووە و چەکیان بۆ ترساندنی خاوەن دوکانەکە بەکارهێناوە".
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر گوتیشی: "تاوانبارێکی دیکە هەڵسابوو بە دزینی یەک لۆری گەنمی جووتیاران کە لەبەردەم سایلۆ وەستابوو، هاوکات دوو تاوانباری دیکەش هەڵسابوون بە دزینی کەلوپەلی ناوماڵان لەگەڕەکی رۆشنبیری کە تەمەنیان 19 ساڵ و 20 ساڵە و ئەوانیش لەلایەن هێزەکانی پۆلیس دەستگیرکراون و دانییان بە تاوانەکانییاندا ناوە و یەکێکی دیکەش لە تاوانبارەکان تەمەنی 36 ساڵە و هەڵسابوو بە دزیکردن لەگەڕەکی راستی و کۆمەڵێک پارە و کەلوپەلی ناوماڵانی دزیبوو بەڵام هەر زوو توانرا لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە دەستگیر بکرێت و دان بە تاوانەکەیدا بنێت".