Ramal Mahmood
23 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 24 ئاب 2016
- پێنج هەزار و ٤٠٠ خێزان لەشارۆچکەی یوکسەکۆڤای سەربە پارێزگای هەکاری کە بەهۆی هێرشەکانی پەکەکەوە ناچاربوون ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ بهێڵن، دوای تەواو بوونی ئۆپەراسیۆنەکان گەڕانەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
- بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کاروباری کۆمەڵایەتی و خێزان، ئاکیف بیلدیجی: "نزیکەی پێنج هەزار و ٤٠٠ خێزان کە کۆی گشتییان نزیکەی ٣١ هەزار هاووڵاتییە، گەڕاونەتەوە سەر ماڵ وحاڵی خۆیان".
پێنج هەزار و ٤٠٠ خێزان لەشارۆچکەی یوکسەکۆڤای سەربە پارێزگای هەکاری کە بەهۆی هێرشەکانی پەکەکەوە ناچاربوون ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ بهێڵن، دوای تەواو بوونی ئۆپەراسیۆنەکان گەڕانەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
بەپێی زانیارییەکان، دوای ئەوەی ئۆپەراسیۆنەکان بوونە سەرچاوەی گەڕانەوەی ئاشتی و ئارامی بۆ شارۆچکەکە، هاووڵاتییان بەردەوامن لە گەڕانەوەیان بۆسەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
بەمەبەستی بەرقەرارکردنی ئارامی و ئاسایش لە ٣١ی ئادارەوە بۆ ٢٠ی نیسان بڕیاری قەدەغەکردنی هاتوچۆ لە شارۆچکەکە راگەیەنرا، دوای ئۆپەراسیۆنەکان خەڵک دەستیان کردووە بە گەڕانەوە بۆسەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بە مەبەستی پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی هاووڵاتییانیش دامودەزگاکانی دەوڵەت بەردەوامن، لە پێشکەشکردنی سەرجەم خزمەتگوزارییەکان.
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کاروباری کۆمەڵایەتی و خێزان، ئاکیف بیلدیجی بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، کە نزیکەی پێنج هەزار و ٤٠٠ خێزان کە کۆی گشتییان نزیکەی ٣١ هەزار هاووڵاتییە، گەڕاونەتەوە سەر ماڵ وحاڵی خۆیان و گوتی: "تاکو ئەمڕۆ چاوپێکەوتنمان لەگەڵ پێنج هەزار و ٩٥٩ خێزان ئەنجام داوە. لەسەدا ٥٥یان دەتوانن بگەڕێنەوە خانووەکانیان و تێکنەچوون، لە سەدا ٢٧یان خانووەکانیان کەڵکی بەکارهێنانیان نەماوە و لە سەدا ١٨شیان خانووەکانیان زیانیان پێگەیشتووە. لەسەدا ٤٤ی خێزانەکان لە وەقفی دەستەبەرکردن و هاوکاری کۆمەڵایەتی یارمەتی وەک خۆراک و کارتی قەرەبووکردنەوەیان وەرگرتووە، لە سەدا ١٤شیان لەبەڕێوەبەرایەتی گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی و خێزان هاوکاری کۆمەڵایەتی و ئابوورییان وەگرتووە. لە سەدا دووی خێزانەکانیش کەلوپەلی ماڵیان بۆ دابینکراوە. لە سەدا ١٨ی خێزانەکان هاوکارییان وەرنەگرتووە".
ناوبراو هەروەها گوتی: "لە سەدا پێنجی ئەو خێزانانەی چاوپێکەوتنمان لەگەڵ کردوون منداڵەکانیان وازیان لەخوێندن هێناوە کە ژمارەی قوتابییەکان ٢٢٥ منداڵە. دیار بوو هۆکاری وازهێنانی لە سەدا ٣٧یان بە ئارەزووی خۆیان بووە، لەسەدا ٣٠یان بەهۆی کەمدەرامەتی بووە، لە سەدا ١٣ی منداڵانیش بەهۆی رووداوە کۆمەڵایەتییەکان دەستبەرداری قوتابخانە بوون".
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کاروباری کۆمەڵایەتی و خێزان، ئاکیف بیلدیجی، تیشکی خستە سەر ئەوەی لەکاتی چاوپێکەوتن لەگەڵ خێزانەکان لێیان پرسیوون "ئایا لەماوەی قەدەغەکردنی هاتوچۆدا ئێرەت جێ هێشتووە و چوویت بۆ شوێنێکی دیکە؟"، بەمجۆرە وەڵامیان داوەتەوە: "لەسەدا ٩٢ی ئەو کەسانەی وەڵامیان دایەوە ئێرەیان جێهێشتبوو، لە سەدا هەشتیان ماونەتەوە و لەسەدا ٣٩شیان چوونەتە شارۆچکە و گوندەکان، لەسەدا ٤١یان چووبوونە وان، لە سەدا ١٠یان چووبوونە هەکاری و لە سەدا ١٠شیان روویان کردبووە پارێزگاکانی دیکە. دوای وردەکاری و بەدواداچوون بۆ دۆخی خێزانەکان پێداویستیە سەرەتاییەکان و خۆراک و بڕێک پارە لەلایەن وەقفی دەستەبەرکردن و هاوکاری کۆمەڵایەتی بۆ لەسەدا ٨٢ی خێزانەکان دابین کرا. لەسەدا ١٠یان بەهۆی نەخۆشییەوە چارەسەری وەردەگرن. بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەش هەلی خوێندن بۆ منداڵەکان دەڕەخسێنێتەوە. ٩٨ خێزان بۆ ماوەیەکی درێژ هاوکاری ماددی دەکرێن و ٧٩٥ خێزانیش تەنها جارێک هاوکاری مادی وەردەگرن بەگشتیی بۆ ٨٩٣ خێزان بڕی یەک ملیۆن و ١٧٥ هەزار و ٥٨٧ لیرە یارمەتی دراون. لەئیستاوە تا کۆتایی مانگی ئاب راپۆرتی کۆمەڵایەتی ٢٩٠ خێزان ئامادە دەبێت و لەماوەیەکی نزیکدا قەرەبوو دەکرێنەوە".
ناوبراو ئاماژەی بەوەیش دا کە ٣٥ کەسی پسپۆر کە بەسەر ١١ تیمدا دابەش بوون، خەریکی راییکردنی کاروبارەکانی یوکسەکۆڤان.