Muhammet Ali Kemal
14 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 16 کانوونی دووەم 2016
پارێزگای دیاربەكر رایگەیاند لە ئەنجامی ئەو هێرشەی كە لەلایەن چەكدارانی پەكەكەوە لە رێگەی ئۆتۆمبیلێكی بۆمبڕێژكراوەوە كراوەتە سەر بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی چنار، پێنج كەس گیانیان لەدەستداوە و ٣٩ی دیكەش بریندار بوون.
لە روونكردنەوەیەكدا كە لەلایەن پارێزگاكەوە بڵاوكراوەتەوە ئاماژە بەوەكراوە كە دوێنێ لە دەورووبەری سەعات ٢٣:٣٠دا چەكدارانی پەكەكە لە رێگەی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراوەوە هێرشیان كردە سەر بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارۆچكەی چنار و شوێنی مانەوەی كارمەندانی ئاسایش.
لە روونكردنەوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە كە هاوكات لەگەڵ تەقینەوەكە لە رێگەی چەكەوە هێرشكراوەتە سەر فەرماندەیی جەندرمە و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش لە شارۆچكەكە و هێزەكانی ئەمنیش وەڵامی چەكدارەكانیان داوەتەوە.
ئەمە جگە لەوەی لە روونكردنەوەكەدا باس لەوەكراوە، كە لەدوای روودانی تەقینەوەكە لە ناوەندی پارێزگا ژووری عەمەلیات پێكهێنرا و ژمارەی پێویست لە كارمەندی تەندروستی، ئاگركوژێنەوە رەوانەی شارۆچكەكە كران. لەپاڵ ئەمەشدا بەمەبەستی پشتیوانی ژمارەیەكی زۆر لە جەندرمە و پۆلیس نێردراونەتە شارۆچكەكە و لە روونكردنەوەكەشدا هاتووە:
''لەئەنجامی هێرشەكەدا كەسی نزیكی دوو پۆلیس گیانیان لەدەستداوە و ١٤ كەس بریندار بوون كە شەشیان پۆلیس و هەشتیان كەسی نزیكی پۆلیسەكانن. بەهۆی كاریگەری تەقینەوەكەوە، بەشێك لەبینایەكی تەنیشت بینای مانەوەی كارمەندانی ئاسایش رووخاوە، لەئەنجامی گەڕانی تیمەكان لەو بینایەدا ئەوە روون بوویەوە كە سێ هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و پێنج هاووڵاتیش لەهەمان بینادا بە برینداری لەژێر دار و پەردووەكان دەرهێنران. ژمارەی بریندارانی دیكەی نێو بیناكانی نزیك لە بینای مانەوەی كارمەندانی ئاسایش، بریتییە لە ٢٠ هاووڵاتی. چارەسەری پزیشكی بریندارەكان لە نەخۆشخانەی دیاربەكر درێژەی هەیە''.