دیاربەکر
محەمەد شیمشەک وەزیری دارایی تورکیا، بەشداریکرد لە هەڵواسینی تابلۆی ناونیشانی گوندی (بێجرمان) بە زمانی کوردیی، پێشتر جیرمان ناوەکەی کرابوو بە تورکی و پێی دەگوترا ڤەرگیلی.
پڕۆژەی گەڕاندنەوەی ناوی کوردیی بۆ گوندەکان لە چوارچێوەی پاکێجی دیموکراسیدایە کە کۆتایی مانگی ئەیلولی ساڵی پار، رەجەب تەیب ئەردۆغان ناوەرۆکەکی رایگەیاند.
لە کاتی ھەڵواسینی ناوە کوردییەکە شیمشەک گوتی: "ساڵی ١٩٢٠ بە شێوەیەکی سیستماتیک لە تورکیا دەستکرا بە گۆڕینی ناوی کوردیی لە زۆربەی زۆری گوندەکان. ئێمە وەکو دەسەڵاتی ئاکپارتی جیاوازییەکانی ناو وڵات وەکو ھەڕەشە و مەترسی نابینین، بەڵکو وەکو دەوڵەمەندی تەماشای دەکەین. بۆیە لە بواری بەرزکردنەوەی پێوەری دیموکراسی لە تورکیا ھەنگاوی گرنگمان ناوە و ھەمووان ساتی جێبەجێکردنی یەکێ لە بەشە گرنگەکانی پاکێجی دیموکراتیزاسیۆن دەبینن. بەم جۆرە ئاکپارتی کۆتایی بە سیاسەتی رەتکردنەوە و نکوڵیکردنی ھێنا کە سەردەمانێک لە تورکیا پەیڕەو دەکرا."
ئەو گوتی: "ھەڵواسینی تابلۆی ناوە کوردییەکان نموونەی ئەو سەرکەوتنەیە کە ئاکپارتی بە دەستیهێناوە، گەڕاندنەوەی ناوە کوردییەکان بۆ ئەو گوند و شوێنانەی ناوەکانیان گۆڕابوون بە ناوی تورکیی، یەکێکە لەو ھەنگاوانەی حکومەت دەستیپێکردووە. گوندی بێجرمانیش یەکێ لەو گوندانەیە کە دوای ستەم و ناحەقییەکی یەکجار زۆر، دواجار توانی بێتەوە بە خاوەنی ناوی راستەقینەی خۆی. ئەم گوندە هی سەید و شێخەکانە و لە سەردەمی عوسمانییەکانیشدا سەرانەیان لێوەرنەگیراوە و بۆیە ناوی نراوە بێ جرمان. بەڵام ناوە تورکییەکەی پێچەوانەی ئەمەبوو کە ئێمە ئەمڕۆ لێمانکردەوە و ناوی راستەقینەیمان بۆ گێڕایەوە."