Muhammet Ali Kemal
07 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 07 ئاب 2016
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان، رایگەیاند: ''من ناتوانم ئەو مافە بەکاربهێنم کە گەلی تورکیا نەیداوە بەمن. من دیکاتۆر نیم. ئەگەر گەل سەبارەت بە گۆڕینی سیستم بۆ سەرۆکایەتی بڕیارێک بدات، ئەو کاتە من ئەو دەسەڵاتانە بەکاردەهێنم کە پێم دەدرێت''.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەلجەزیرەی قەتەری، رەجەب تەیب ئەردۆغان وەڵامی پرسیارەکانی سەبارەت بە هەوڵی ئەنجامدانی کودەتا لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستیی فەتحوڵڵاچییەوە دایەوە.
ئەردۆغان لەبەرامبەر ئەو بانگەشدانەدا کە دەڵێت 'لەدوای هەوڵی کودەتاکەوە ناوبراو ئەو توانایەی هەیە کە وڵات بەو شێوەیە بەڕێوەبەرێت کە دەیەوێت' رایگەیاند: ''بە تەواوەتی رەتی دەکەمەوە. من ناتوانم ئەو مافە بەکاربهێنم کە گەلی تورکیا نەیداوە بەمن. من دیکتاتۆر نیم. ئەگەر گەل سەبارەت بە گۆڕینی سیستم بۆ سەرۆکایەتی بڕیارێک بدات، ئەو کاتە من ئەو دەسەڵاتانە بەکاردەهێنم کە پێم دەدرێت. من هەرگیز خاوەنی بەکارهێنانی دەسەڵاتێک نیم کە دەستوور نەیداوە بە من. ئەمە کارەکتەری منە و دەمەوێت هەموو جیهان بەو جۆرە ئەمە بزانێت''.
- بێدەنگیی خۆرئاوا لەبەرامبەر هەوڵی ئەنجامدانی کودەتادا
سەرکۆماری تورکیا رەخنەی لە هەڵوێستی وڵاتانی خۆرئاوا لەبەرامبەر هەوڵی ئەنجامدانی کودەتادا گرت و رایگەیاند: ''خۆرئاوا ئەوەی پیشانی ئێمە نەدا کە دژی کودەتایە. ناتوانرێت لە بێدەنگییان ببوورین. ئەوان تەنها سەرەخۆشییان ئاراستە کردین. دواتر قسەگەلێکی نامۆیان کرد. گوتیان 'ژمارەیەکی زۆر کەستان لەکارەکانیان دوور خستووەتەوە، سەرباز و دادوەرەکان دەستگیر دەکەن'. بێ ئەوەی ئێوە لەو رووداوانە تێبگەن کە لە تورکیا روویداوە، مافی رەخنە گرتنتان لە ئێمە و لە سیستمی وڵاتەکەمان نییە. ئەم کەسانە کەسانی راستگۆ نین. سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا (جۆزێف دانفۆرد) هات بۆ ئێرە. باڵەخانەی پەرلەمانمان نیشاندا. بۆردومانکردنی ئەو باڵەخانەیە، پیشهاتێکی زۆر مانادارە. کێ ئەوێی بۆردومان کرد؟ ئەندامانی رێکخراوی تیرۆریستیی فەتحوڵڵاچی (فەتۆ)''.
رەجەب تەیب ئەردۆغان جەختی لەوەکردەوە خۆرئاوا مافی رەخنەگرتنی لە تورکیا نییە و رایگەیاند: ''رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی کە بارەگای سەرەکی لە لەندەنە، رەخنەمان لێدەگرێت. پێمان دەڵێت 'بۆچی ئەوانە دەستگیر دەکەن و بۆچی ئەمانە دادگایی دەکەن'. من پێیان دەڵێم 'سنووری خۆتان بزانن'. دادپەروەر بن. کودەتا دژی حکوومەتێک کە لەلایەن گەلەوە هەڵبژێردراوە ناتوانرێت ببەخشرێت. ئەوانەی کە لەبەرامبەر ئەم کودەتایەدا بێدەنگ بوون، سیستمی تۆتالیتارییان لەجێگەی دیموکراسی هەڵبژارد. ماچی ناوچەوانی گەلەکەم دەکەم کە ئەم پیلانەیان هەڵوەشاندەوە''.
- ''گەوترەترین بەڵگە سەرۆک ئەرکانی سوپا هولوسی ئاکارە''
لە وەڵامی پرسیارێکیشدا سەبارەت بە رادەستکردنەوەی گولەن، ئەردۆغان رایگەیاند: ''پێمان وایە ئەمریکا لێمان تێدەگات و ئەوەی کە پێویست بێت سەبارەت بە رادەستکردنەوەی، ئەنجامی دەدات''.