Sangar Hamad Azeez
06 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 13 کانوونی دووەم 2016
سەرۆكوەزیرانی توركیا ئەحمەد داودئۆغڵو بەشداری لە كۆبوونەوەی شارەوانی ئەنقەرە و پێشكەشكردنی پرۆژەكانی ٢٠١٦ی ئەو شارە كرد كە كە لە بینای"ATO Congresium" لە ئەنقەرە ئەنجام درا.
لە میانی گوتارێكی لە كۆبوونەوەكە ئەحمەد داودئۆغڵو گوتی: ''هاتوون و سەبارەت بە ژمارەیەك فۆرمی زۆر نایاسایی وەك 'ئۆتۆنۆمی و خۆبەڕێوەبەری' قسە دەكەن. ئێستا دەپرسین، تۆ باسی 'ئۆتۆنۆمی' دەكەیت، بانگەشەی ئەوە دەكەیت كە ئەمە ناوچەكە پێش دەخات بەڵام ئەو پارانەی كە بە ئەمانەت بە تۆ دەدرێت بۆ ئەوەی 'بۆ هاووڵاتییانی خەرج بكەیت'، جگە لە وەبەرهێنان بۆ هەموو شتێكی دیكەی خەرج دەكەیت. هاووڵاتی چاوەڕێی ئەوەیە خزمەت بكرێت. ئەم بەڕێزانە چاڵ هەڵدەكەنن، بەربەست درووست دەكەن، ژمارەیەك سەرچاوە لەم شتانەدا خەرج دەكەن''.
ناوبراو گوتی: "خەمی ئەمانە بنیاتنان و گەشەپێدان بەشارەكانمان نییە. خەمی ئەمانە ئەوە نییە كە وا بكەن دانیشوانی ناوچەكانمان بە بەختەوەری، ئارامی و لە خۆشگوزارانیدا بژین. خەمی ئەمان داكوتینی بزمارێك یان درووستكردنی شاكارێك نییە. ئەوەی هەیە و نییە، بریتییە لە ئایدۆلۆجیا، مقۆ مقۆ، درۆ، پڕوپاگەندەی قێزەون و تیرۆر. لەجیاتی ئەوەی سەرچاوەكانی دارایی گەل بۆ خودی گەل بەكار بهێنن، لە ژمارەیەك كاری لێڵدا خەرجی دەكەن، لە نێو ئەوانەشدا كاری هەڵكەندن بۆ چەكداران، گرێدەر، بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلی بیناسازی. ژمارەیەك لە لێپرسراوانی ئەو شارەوانیانەی وەك ناوەندی لۆجستیكی رێكخراوی تیرۆریستی كاریان دەكرد، بەدڵنیاییەوە باجی هەموو ئەو ناپاكی و كارە هەڵانەیان دەدەن".
سەرۆكوەزیرانی توركیا گوتی: "لە سەدا 62،6ی كۆی گشتی خەرجی شارەوانی ماردین لە كارمەندان خەرج دەكرێت، لە كاتێكدا تێكڕای توركیا لە سەدا 11.7ە. باشە ئەو كارمەندانە چی دەكەن تا زیاد لە سەدا 60ی كۆی گشتیان بۆ خەرج بكرێت؟ ئەو پارانە بۆ كوێ دەچێت، یەك یەكە لێكۆلینەوەی لەسەر دەكەین".
لە بەشێكی دیكەی گوتەكانی، داودئۆغڵو باسی لە جەنگی نێوخۆیی سووریا كرد و گوتی: " توركیا نزیكەی دوو ملیۆن و 500 هەزار پەنابەری سووری داڵدە داوە تاكو ئێستا بۆ ساتێكیش دوو دڵیمان نەكردووە لەوەی بڵێن ئایا داڵدەدانی ئەو ژمارە زۆرە زیان لە ئابووری توركیا نادات! لە وەرگرتنی پەنابەرانیش تاكو ئێستا جیاوازی لەوە نەكراوە كە ئەمە كوردە، ئەمە عەرەبە ، ئەمە توركمانە، یا موسوڵمانە یاخود مەسیحیە. بەبێ هیچ جیاوازیەك باوەشمان بۆ هەموو لایەك كردۆتەوە".
ئەحمەد داودئۆغڵو گوتی: "توركیا بەتەنیا بەرپرسیارێتی ئەوەی لەسەر نییە كە كێشەی سووریا چارەسەر بكات، بە تەنیا فیداكاری زۆری كردووە و بەردەوامیش دەبێت لەسەر فیداكاری بەڵام دوێنێ ٣٦ تەرم لە كەناراوەكانی وڵاتەكەمان دۆزرایەوە. لە بەرامبەر ئەم تراجیدیانەشدا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە سەرووی هەموویانەوە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بێ دەنگە. ئاشكرایە كە ئەم رووداوانە لە ئەستۆی رووسیایە چونكە لە بابەتی سووریادا بەردەوام مافی ڤیتۆ بەكار دەهێنێت".
سەرۆكوەزیرانی توركیا رایگەیاند: "بەهەموو جیهان دەڵێم، رووی دەمم دەكەمە هەموو كەسێكی خاوەن ویژدان و دەڵێم: 'رژێمی سووریا و لایەنگرانی كە بێ ویژدانانە و دڕندانە بۆمب بەسەر هاووڵاتییانی مەدەنی سووریادا دەبارێنن، بەڵێ رووسیاش بووەتە هاوبەشی ئەم ستەمە. ئەو خوشك و برایانەمان كە لە ناوچەكانی ئیعزاز، چیای توركمان، بایربوجاك و هەموو ناوچەكانی دیكە لەتاو بۆردومانی رژێمی سووریا و لایەنگرەكانی هەڵدێن، پێویستە چیتر لەبەرامبەر ئەو ئازارەدا بێ دەنگی نەنوێنرێت. پێویستە چیتر لەبەرامبەر ئازاری ئەو خوشك و برایانەمان كە لە تیرۆری داعش هەڵدێن، بێ دەنگی نەنوێنرێت' ".