Muhammet Ali Kemal
31 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 03 نیسان 2016
سەرۆكایەتیی ئەركانی سوپای توركیا ئاماژەی بەوەكرد كە لەنێو هێزە چەكدارەكانی توركیادا بەهیچ شێوەیەك سازش و لێبووردن لەبەرامبەر هیچ پێكهاتە و چالاكییەكی نایاسایی جێگەی باس نییە.
لە روونكردنەوەیەكی نووسراودا كە لەلایەن سەرۆكایەتیی ئەركانی سوپای توركیاوە، بڵاوكراوەتەوە، ئاماژە بەوەكراوە كە لەپێناو یەكێتیی، یەكپارچەیی و ئاسایشی گەل و نیشتماندا، هێزە چەكدارەكانی توركیا ئەركەكانیان لەچوارچێوەی دەستوور و یاساكاندا و بەپێی ئەو فەرمانانەی پێیان دەدرێت لە ناوخۆی وڵات و لەدەرەوەش، بەرەنگاریی تیرۆر دەبنەوە، لە ژمارەیەك لە شارو شارۆچكەكانیش بێ گوێدانە شەو و رۆژ، بێ گوێدانە هیچ ئاستەنگێك، بەردەوامن لە نیشاندانی هەموو گیانفیدایی و پاڵەوانییەك و هاوشانی پۆلیس و پارێزەران بێ هیچ وەستانێك درێژە بە ئۆپەراسیۆنەكان دەدەن.
لە روونكردنەوەكەی سەرۆكایەتیی ئەركانی سوپای توركیادا باس لەوەكراوە كە ژمارەیەك لە ئۆرگانەكانی راگەیاندن لە رێگەی ژمارەیەك هەواڵی بێ بنەماوە كاریگەری خراپیان كردووەتە سەر ورە و هاندانی سەربازەكان و ناڕەحەتی كردوون، هەروەها تێیدا هاتووە:
"هێزە چەكدارەكانی تورك، كە لە خۆشەویستی و متمانەی فراوانی گەلەوە هێز وەردەگرێت، لە هەموو هەلومەرجێكدا پەیوەستە بە دیموكراسیەوە و، بە بەردەوامی و بە شێوەیەكی كاریگەر كار بە میكانیزمەكانی ئیداری و دادوەری دەكات. لە هێزە چەكدارەكانی توركدا دسیپلین، گوێڕایەڵی رەها و تاكە فەرمانی بنەمایە. بەهیچ شێوەیەك سازش و لێبووردن لەبەرامبەر هیچ پێكهاتە و چالاكییەكی نایاسایی جێگەی باس نییە.
لەبەرامبەر ئەوانەدا كە بەهۆی پاڵنەری دیكەوە ئەو هەواڵانە دەكەن كە لەسەر هیچ بنەمایەكی یاسایی، مرۆیی، ویژدانی و عەقڵییان داناڕیژرێن، دوورن لە ئەتیك و شێوازی رۆژنامەوانییەوە و سنووری خۆیان بەزاندووە، رێوشوێنی یاسایی گیراوەتە بەر و سكاڵایان لەسەر تۆماركراوە''.