سێرت
لەبارەی پاکێجی دیموکراتیزاسیۆن کە بڕیارە کۆتایی ئەم مانگە سەرۆکوەزیرانی تورکیا رایبگەیەنێ (گوڵتەن کشاناک)ھاوسەرۆکی بەدەپە گوتی " بەداخەوە ھەمووان گومانمان ھەیە لەوەی پاکێجی دیموکراتیزاسیۆن وەڵامی داخوازییەکانی گەل بداتەوە، بۆ بەرەو پێشبردنی قۆناغی ئاشتی زۆر شت ھەن پێویستە بکرێن، چاوەڕوان دەکرا ئەم پاکێجە دوای ئەنجامدانی گفتوگۆکردن لەگەڵ رای گشتی و گەلی کورد ئامادە بکرێ و وەڵامی پێداویستییەکان بداتەوە. بەڵام AKP ئەم رێگەیەی ھەڵنەبژارد. پاکێجێکەی بەگوێرەی بەرژەوەندیی خۆی ئامادە کردووە. لەبەر ئەوە دەبێتە پاکێجێک بۆ گەیشتن بە ئامانج و سیاسەتەکانی خۆی".
کشاناک بە پەرلەمانتاری ئیستەنبوڵ یاوەری فراکسیۆنی BDP (سری سورەیا ئۆندەر) سەرۆکی شارەوانیی دیاربەکر (عوسمان بایدەمیر) سەرۆکی شارەوانیی سێرت (سەلیم ساداک) ، بەشداریانکرد لەچوارەمین (فێستیڤاڵی سێرت بۆ فستق و ئاوێتە بوون لەگەڵ سروشت).
لەچوارچێوەی فێستیڤاڵەکەدا کە لەلایەن شارەوانیی سێرت سازدراوە، کشاناک سەردانی کاسبکارانی کرد و لەبارەی پاکێجی دیموکراتیزاسیۆن کە بڕیارە (٣٠ ی ئەیلول) سەرۆکوەزیرانی تورکیا رایبگەیەنێ، لێدوانی دا.
کشاناک گوتی " بەداخەوە ھەمووان بەگومانین لەوەی (پاکێجی دیموکراتیزاسیۆن) وەڵامی داخوازییەکانی گەل بداتەوە، بەڵام ھیوادارین ئەم پاکێجە ببێتە وەڵام بۆ داخوازییەکان، کێشەکان چارەسەر بکات و ببێتە ھەنگاوێک بۆ بەرەوپێشبردنی دیموکراتیزاسیۆن. وەلێ بەداخەوە ھیوا و چاوەڕوانییەکان کەمێک لاواز بوون. ئەگەر حکومەت خاوەن ئەو ئیرادەیە بێ کە قۆناغەکە بەروپێش ببات، ئەوا زۆر شت ھەن کە پێویستە بکرێن. دەکرێ گفتوگۆ ئەنجام بدرێ و ھەنگاو بھاوێژرێ، ھەموو شتێک تەنیا ئەم پاکێجە نییە".
دواتر کشاناک و شاندەکەی یاوەری تێکەڵی ئەو رێپێوانە بوون کە لە چوارچێوەی فێستیڤاڵەکەدا سازداربوو. پاش رێپێوانی شەقامی گورەس، رێوڕەسمی کردنەوەی "کتێبخانەی کوردی جەلادەت بەدرخان" ئەنجام درا.