Muhammet Ali Kemal,Mohammed Baqi Hussein
23 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 23 کانوونی دووەم 2017
ئاستانا- AA
- کۆبوونەوەی ئاستانا بهمهبهستی راگرتنی شهڕی ناوخۆی سووریا، به بهشداریی نوێنهرانی ئهمریكا و ئۆپۆزسیۆن، رژێمی بهشار ئهسهد و شاندی هەریەک لە توركیا، رووسیا، ئێران ، دەستی پێکرد.
- لایهنهكان تاوتوێی ههنگاوهكانی كۆتاییهێنان بهپێشێلكاریی ئاگربهستهكه دهكهن.
- ئۆپۆزسیۆن دەیەوێت رژێم و حزبوڵڵای ھاودەستی پێشێلکارییەکانی ئەو ئاگربەستە رابگرن کە لە ٣٠ کانوونی یەکەمی رابردوو کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە و مەرجی کشانەوەیان لە ناوچەکانی غوتەی رۆژھەڵات و دۆڵی بەرەدایان بۆ دادەنێت و داوای ئازادکردنی زیندانییە سیاسییەکان دەکات.
کۆبوونەوەی ئاستانا بەمەبەستی راگرتنی شەڕی ناوخۆی سووریا، بە بەشداریی نوێنەرانی ئەمریکا و ئۆپۆزسیۆن، رژێمی بەشار ئەسەد و شاندی ھەریەک لە تورکیا، رووسیا، ئێران ، دەستی پێکرد.
لایەنەکان چوونەتە ھۆتێلی ریکسۆس بەمەبەستی بەشدارییکردن لە کۆبوونەوەکەدا کە بەسەرپەرشتی تورکیا و رووسیا و لەدوای قۆناغێکی چڕوپڕی ئامادەکاریی، بڕیارە کاتژمێر ١٣:٠٠ دەست پێ بکات.
شاندی ئۆپۆزسیۆنی سەربازیی سووریا کە بەشداری لە کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکەی ئاستانا دەکات، پێکھاتووە لە ١٤ کەس کە نوێنەرایەتی ھەریەک لە: فەیلەقی شام، جەیشولعیززە، جەیشولنەسر، شوھەدا ئیسلام، جەیشول موجاھیدین، کەرتی یەک، ئەجنادول شام، تەجەموعی فەستەقیم کەما ئومیرت، لیوای سوڵتان موراد، ئەلجەبھە ئەلشامییە، جەیشول ئیدلبل حوڕ، جەیشول ئیسلام و جەبھەی جنووبی دەکەن.
شاندێکی ٤٠ کەسی راوێژکاریی کە لە ئاستانان و بەشداریی کۆبوونەوەکان ناکەن، لەکاتی پێویستدا بیروڕا لەگەڵ شاندەکەی ئۆپۆزسیۆندا دەگۆڕنەوە و راوێژیان دەدەنێ.
ھەریەک لە نوێنەرانی تورکیا، رووسیا، ئێران، ئەمریکا و نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا، ستافان دی میستورا بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا دەکەن.
تورکیا و رووسیا بۆ ئەوەی کۆبوونەوەکە دەرەنجامی باشی لێبکەوێتەوە، ژمارەی ئەو وڵاتانەیان سنووردارکردوو کە بەشدارن.
لەلایەن تورکیاوە راوێژکاری وەزارەتی دەرەوە، سەدات ئۆناڵ و لەلایەن ئێرانەوە جێگری وەزیری دەرەوە، حسێن جابری ئەنساری و باڵێۆزی ئەمریکا لە ئاستانا، جۆرج کرۆڵ سەرۆکایەتی شاندی وڵاتەکانیان دەکەن لە کۆبوونەوەکەدا. ھاوکات نوێنەری تایبەتی سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین بۆ کاروباری سووریا، ئالێکساندەر لاڤرێنتییەڤ و جێگری وەزیری دەرەوە، میخایل بۆگدانۆڤ بەناوی رووسیاوە بەشداریی دەکەن و نوێنەری ھەمیشەیی سووریا لە نەتەوەیەکگرتووەکان، بەشار جەعفەری بەناوی رژێمی ئەسەد ئامادە دەبێت.
وەزارەتی دەرەوەی کازاخستان رایگەیاندبوو کە چاوەڕواندەکرێت کۆبوونەوەکە تا ئێوارەی سبەی سێشەممە بخایەنێت، ھاوکات لەلایەن ٣٢٠ میدیای بیانی و ١٢٠ میدیای لۆکاڵییەوە رووماڵدەکرێت.
- "پێشینە، راگرتنی پێشێلکارییەکانی ئاگربەستەکەیە"
بەپێی ئەو زانیارییانەی ئاژانسی ئانادۆڵو لە ئەندامانی شاندی سەربازی سووریا وەریگرتووە، ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە کۆبوونەوەکەدا راپۆرتێک سەبارەت بەپێشێلکارییەکانی رژێم و گرووپە تیرۆریستەکانی پشتیوانانی پێشکەش دەکەن کە تێیدا لەسەر نەخشە شوێنی پێشێلکارییەکان دیاریکراوە.
- "گرتنەبەری رێوشوێنی متمانەپێکراو لە قۆناغی دووەمدا"
ئۆپۆزسیۆن دەیەوێت رژێم و حزبوڵڵای ھاودەستی پێشێلکارییەکانی ئەو ئاگربەستە رابگرن کە ٣٠ کانوونی یەکەمی رابردوو کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە و مەرجی کشانەوەیان لە ناوچەکانی غوتەی رۆژھەڵات و دۆڵی بەرەدایان بۆ دادەنێت.
سوپای ئەسەد و حزبوڵڵا تا ئێستا لە بەشەکانی باشوور و خۆرئاوای حەلەب، دەورووبەری لازقییە، ئیدلب و دەورووبەری، شارۆچکەی و ناحیەکانی ناوچەی غوتەی خۆرھەڵات سەربە دیمەشق، شارۆچکەکانی مەزایا و زەبەدانی، ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئۆپۆزسیۆن لە حمس و حەما و شاری دەرعا، سەدان جار ئاگربەستەکەیان پێشێلکردووە.
ئەگەر رووسیا کە گرنتیی رژێمی کردووە لەوبارەوە ھەنگاو بنێت، ئۆپۆزسیۆن پێشنیازی گرتنەبەری دوو رێوشوێنی متمانەپێکراو دەکات.
یەکەمیان کردنەوەی رێڕەوی مرۆییە بۆ گەیاندنی ھاوکاری و یارمەتی مرۆیی بۆ ئەو ناوچانەی لە دیمەشق و حمس کە لەژێر گەمارۆی رژێمدان و قەیرانی مرۆیی تێیاندا قووڵبووەتەوە.
دووەمیشیان ئازادکردنی ئەو ھەزاران زیندانیە سیاسیەیە کە لە زیندانەکانی رژێمدا بەندکراون.
- بابەتە بنەڕەتییەکانی ئاستانا
تورکیا کە گەرەنتی ئۆپۆزسیۆنە بۆ ئەو ئاگربەستەی لە ٣٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٦دا لە سووریا راگەیەنرا، لەگەڵ رووسیادا سەرپەرشتی کۆبوونەوەکەی ئاستانا دەکات.
یەکێک لە گرنگترین ئاراستەکانی کۆبوونەوەکەی ئاستانا، بەشداریکردنی ئەو لایەنە ئۆپۆزسیۆنە سەربازیانەیە کە لە سەرەتای شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتەوە بەربڵاوترین بەشداریان ھەبووە. لەلایەکی دیکەشەوە چەند گرووپی وەک ئەحرارولشام کە بەشداری کۆبوونەوەکەی ئاستانا ناکات، بەتەواوی پابەندی ئاگربەستەکەیە.
لەلایەکی دیکەوە، لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن دوای چەند ساڵێک لە کۆبوونەوەکانی ئامادەکاری ئەنقەرەدا بۆ یەکەمجار بەشێوەیەکی بەرچاو ھاوڕابوون.
جیاواز لە کۆبوونەوەکانی رۆژئاوا، ئەمجارەیان لایەنە شەڕکەرەکانی سووریا و گرووپە سەربازییەکان بۆ گفتوگۆکردن لەدەوری یەک مێز کۆدەبنەوە.
یەکێکی دیکە لەو کارانەی بۆ یەکەمجارە بەسەرپەرشتی تورکیا و رووسیا ئەنجام دەدرێت، کۆکردنەوەی لایەنە شەڕکەرەکانی سووریایە کە ماوەی شەش ساڵە شەڕدەکەن لەدەوری مێزی گفتوگۆ. دانوستانەکانی جنێڤ تا بڵێی کورت و بەرتەسک بوون.
ھەروەھا بۆ یەکەمجارە رووسیا و ئێران لەگەڵ لایەنە شەڕکەرەکان لەسەر مێزی کۆبوونەوە پێکەوە کۆدەبنەوە.
- ھەوڵەکانی تورکیا
دەستپێشخەریی تورکیا بۆ کۆتاییھێنان بەشەڕی ناوخۆی سووریا دوای گواستنەوەی خەڵکی سڤیل و ئەندامانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە خۆرھەڵاتی حەلەب، ھەندێک لە وڵاتانی خۆرئاوای نیگەران کردبوو.
روونکردنەوەی پشتگیریی وڵاتانی خۆرئاوا بۆ دانوستانەکانی ئاستانا، پەیامی ئەوە دەدات کە پێویستە دوای کۆتاییھاتنی دانوستانەکانی ئاستانا، ھەموو دانوستانەکان بگوازرێنەوە بۆ جنێڤ.
لەلایەکی دیکەوە سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، باراک ئۆباما بەرلە کۆتاییھاتنی ئەرکەکەی فشاری لە ھەندێک لە لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا کردبوو کە بەشداریی دانوستانەکانی ئاستانا نەکەن.
پابەندبوونی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بەئاگربەستەکەی سووریاوە و بەشداریکردنی بەرفراوانیان لە دانوستانەکانی ئاستانا، تەنھا بەسەرکەوتنی تورکیا دادەنرێت. بەپێی ئەو زانیارییانەی بەرپرسانی تورکیا بەپەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵویان راگەیاندووە، سەرکەوتنەکانی ئەنقەرە لەسەرووی چاوەڕوانییەکانی رووسیاشەوە بووە.
سەرچاوە دیپلۆماسییەکان رایدەگەیەنن لەبەرامبەر جێبەجێکردنی ئەرکی گرنتیکردنی ئاگربەست و ھەنگاوەکانی دواتردا لەلایەن تورکیاوە، پێویستە رووسیاش بەئەرکی خۆی ھەستێت لە رێگریکردن لە پێشێلکردنی ئاگربەستەکە لەلایەن رژێمی سووریاوە.