شرنەخ
کۆمسیۆنی لێکۆڵینەوەی پەرلەمان کە پەرلەمانتاری پارتی داد و گەشەپێدان ناجی بۆستانجی سەرۆکایەتی دەکا و بە ئامانجی لێکۆڵینەوە لە رێگاکانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و ھەڵسەنگاندنی پرۆسەی ئاشتی دامەزراوە، لە چوارچێوەی گەشتەکەیدا بۆ ناوچەکە گەیشتە شرنەخ.
کۆمسیۆنەکە ، سەرەتا سەردانی حەسەن ئیپەک پارێزگاری شرناخیان کرد. لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا پارێزگاری شرنەخ مودێلێکی کەشتیی حەزرەتی نوحی وەکو دیاری دایە کۆمیسیۆنەکە، کە سیمبۆلی شاخی جودییە.
کۆمسیۆنەکە دواتر سەردانی شارەوانیی شرناخیان کرد و لەگەڵ فایەق سالتان جێگری سەرۆکی شارەوانی کۆبوونەوە. لەوێ باسی گرنگیی پرۆسەی ئاشتییان کرد و دووپاتیان کردەوە کە چوار مانگە لەم بوارەوە خەبات دەکەن.
سەرۆکی کۆمسیۆنەکە ھەروەھا گوتی "تورکیا خاوەن رابردویەکی کێشەدارە، خوێن و فرمێسکی زۆری رشتووە، نامەوێ قسەکانم بەرەو باسکردنی ئەو نەھامەتییانە بڕوا، چونکە خەڵکی ئێمە ستەملێکراوە و نایەوێ برینەکانی نمایش بکرێ، ئێستا پرۆسەی ئاشتی دادەرێژرێ، ئەمە زۆر گرنگە".
ناجی بۆستانجی ھەروەھا گوتی "خەڵک پێکەوەژیانیان بەلاوە پەسەندە، دەیەوێ رێگا بۆ پێکەوەژیان بدۆزێتەوە، کێشەکان بە توندوتیژی چارەسەر نابن، رێکەوتن بە لەیەکگەیشتن دێتە ئاراوە. ئەم پرۆسەیە دەرفەتی ئەوە دەدات، ھەموو ئەو لایەنانەی کێشەکانیان بە شێوەی جیا جیا دەردەبڕین لەیەک بگەن. ئەوانەی گەنجەکانیان لە دەستداوە و بەخاک سپاردوە لە ھەموو کەسێک باشتر گرنگیی ئەم پرۆسەیە دەزانن. نامانەوێ ئیتر ئەو کارەساتە بەسەرمانەوە بێ و منداڵەکانمان لەدەست بدەین."
بۆستانجی لە درێژەی ئاخاوتنەکەیدا گوتی "لەم کاتەی کە ھەموو شتێ بەرەو ئاساییبوونەوە و ئارامی دەچێ، ھەندێ کەس بەردوامبن لەوەی بە بیرکردنەوەی تیرۆریستانە بجوڵێنەوە، ئەو کەسانە ناتوانن جێمتمانەی خەڵک بن، خەڵک بڕوایان پێ ناکا".
فایەق سالتان جێگری سەرۆکی شارەوانیی شرناخیش لەم بارەوە گوتی "ئێمە بە دڵ و گیان پشتگیری ئەم پرۆسەیە دەکەین. ھیوامان وابوو ئەم خوێنڕشتن و کوشتنانە بە تەواوی بوەستن و ھیچ کەسێک نەگیرێ و دەستبەسەر نەکرێ، بەڵام لە شرنەخ ٢ پەرلەمانتارمان گیروان و رەمەزان ئویساڵی سەرۆکی شارەوانیمان و ١٣ ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی و ٢ ئەندامی گشتیی ئەنجومەنمان لە زینداندان. ئێمە دەڵێین مادام پرۆسەی ئاشتی لەئارادایە پێیویستە سەرۆکی شارەوانی و ئەو ٢ پەرلەمانتارەمان کە لەلایەن خەڵکەوە ھەڵبژاردراون ئازاد بکرێن".