Gülsüm İncekaya
05 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 06 ئادار 2020
ئیستانبوڵ-AA
فەرمانگەی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە نووسینگەی تایبەتی کۆشکی دۆڵمەباهچە، "کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی ئیدلب"ی رێکخست.
لەمیانی گوتەیەکیشدا، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ پرسی سووریا، جێمس جێفری باسی لەوە کرد کە لەئێستادا، نزیکەی سێ ملیۆن کەس لە هەلومەرجێکی سەختدا لە شاری ئیدلب دەژین و بەردەوام رووبەڕووی پەلاماری بێبەزەییانەی رژێمی ئەسەد و هاوپەیمانەکانی دەبنەوە.
جێمس جێفری لەبارەی ئەو قەیرانە مرۆییەی لەو پارێزگایە هەیە گوتی: "ئەو قەیرانە مرۆییەی لە ئیدلب روودەدات دەشێت گەورەترین قەیرانی مرۆیی سەدەی ٢١ بێت. کێشەکە تەنها قەیرانی مرۆیی نییە، بەڵکو بینیمان لە ماوەکانی رابردوودا، چەکی کیمیاییش لەم پارێزگایەدا بەکارهێندرا. پەنابردنە بەر چەکی کیمیایی و کۆمەڵکوژ بەتەنها پێشێلکردنی بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان نییە، بەڵکو رەنگدانەوەی تەواوی ئەو هەنگاوانەیە کە بەشێوەیەکی گشتی رژێمی ئەسەد پیایاندا تێپەڕیوە".
نوێنەرەکەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش دا کە ئەو هەنگاوانەی رووسیا و ئێران لە سووریا گرتویانەتەبەر گەیشتوەتە ئاستێکی هەستیار و ئەمەش وای کردووە ئیدلب ببێتە مەیدانی ناکۆکییەکانی تەواوی سووریا و گوتی: "رەوشی ئیدلب کاریگەری لەسەر زۆرێک لە وڵاتانی جیهان دروست دەکات و کۆمەڵێک وڵات زۆر بەئاشکرا یان بەشاراوەیی هاتونەتە ناو ئەم قۆناغەوە. لەلایەک رووسیا، ئێران و حزبوڵڵای لوبنانی و لەلایەک هاوپەیمانان بەسەرۆکایەتی ئەمریکا هەن. لە باکووری رۆژهەڵات و باشووری سووریا ئۆپەراسیۆنی جیاواز ئەنجامدەدرێت. لەلایەکی دیکەشەوە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل ئۆپەراسیۆن بۆسەر بنکەی هێزەکانی ئێران لە ناوچەکە ئەنجام دەدەن. لەنێوان ئەم هێزانەشدا ناکۆکی هەیە. بەتایبەتی ناکۆکی تورکیا و رووسیا لە ئیدلب لە ئاستێکی باڵادایە، هەربۆیە لەڕووی نێودەوڵەتییەوە بووەتە مەترسییەکی گەورە".
جێمس جێفری جەختی لەوەش کردەوە کە تورکیا وەک وڵاتێکی دراوسێی سووریا کۆمەڵێک بەرپرسیاییەتی لە ئەستۆدایە و رایگەیاند "لە پرسی ئیدلبدا ئەمریکا، وڵاتانی عەرەبی، یەکێتیی ئەورووپا و ناتۆ هاوشێوەی تورکیا بەرپرسیارێتییان لەسەرشانە، دەمانەوێت هەموو ئەم وڵاتانەش بەرپرسیارییەتی خۆیان بەجێبهێنن. دەخوازین لەژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکاندا چارەسەرێکی سیاسی بدۆزرێتەوە، بەهیچ شێوەیەک چارەسەری سەربازی قبوڵ ناکەین. هەموومان دەزانین رژێمی سووریا بەهاوکاری رووسیا و ئێران چ کارێکیان ئەنجامداوە. پێویستە لە هەموو ئاستێکدا زۆر بەخێرایی بەردەوامی بە کارەکانمان بدەین. گفتوگۆکانی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ و سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی هاوکاری مرۆییەوە بەشێکی رۆژەڤن".