Yılmaz Kazandıoğlu
03 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 07 تشرینی یەکەم 2022
وان- AA
پاسکیلسوارانی شاری وان بۆ هۆشداریدان لە بارەی دابەزینی ئاستی ئاوی دەریاچەی وان، لەو بەشانەی دەریاچەکە کە وشکی کردووە پاسکیلسوارییان کرد.
دەریاچەی وان بە ئاوە سازگارەکەی و دیمەنە سروشتییە ناوازەکەیەوە، یەکێکە لە گرنگترین ناوچە گەشتیارییەکانی تورکیا، لەئێستاشدا بەهۆی گەرمبوونی زەوی، وشکەساڵی و گۆڕانی ئاووهەواوە ئاستی ئاوی دەریاچەکە کەمی کردووە و چەندین مەتر ئاوی دەریاچەکە پاشەکشێی کردووە.
پاسکیلسوارانی وان بۆ سەرنج خستنە سەر گەرمبوونی زەوی و دابەزینی ئاستی ئاوی دەریاچەکە، لەو ناوچانەی ئاوی دەریاچەکە پاشەکشەی کردووە پاسکیلسوارییان کرد.
هەروەها بەشێک لە خوێندکارانی زانکۆ لە هەمان ئەو ناوچانە پیادەڕەوییان کرد.
- "لەو ناوچانەی دەریاچەکە پاشەکشەی کردووە، پاسکیلسواریمان کرد"
ئەرکان کومریئۆغڵو یەکێکە لەو کەسانەی بەشداری پاسکیلسوارییەکەی کردووە و بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، باسی لەوە کرد کە رۆژ بە رۆژ ئاستی دابەزینی ئاوی دەریاچەکە زیاتر دەبێت.
گوتیشی: "بە ئامانجی راکێشانی سەرنج بۆسەر گەرمبوونی زەوی و دابەزینی ئاستی ئاوی دەریاچەی وان، ئەم چالاکی پاسکیلسوارییەمان ئەنجامدا. گەشتەکەمان بە کەناری دەریاچەی واندا بەکۆتا هێنا. لەو ناوچانەی دەریاچەکە پاشەکشەی کردووە، پاسکیلسواریمان کرد. لە چەند ساڵی رابردوودا، جیهان رووبەڕووی مەترسی گەرمبوونی زەوی بووەتەوە و بەو هۆیەشەوە ئاوی دەریاچەی وان پاشەکشەی کردووە".