Hatice Şenses Kurukız
06 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 06 ئادار 2021
ئیستانبوڵ - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند "ئێمە نەک تەنھا لە رووی سیاسی و ئابوورییەوە، بەڵکو لە بواری سەربازیی و بەرگریشدا لە دۆخێکی بەھێزداین. بۆ پاراستنی مافی ھاووڵاتییانی خۆمان و تورکەکانی قوبرس و ھەموو دۆستەکانمان لە ناوچەکەدا، ناچارین ئەمە بکەین، چونکە ئێمە دەزانین کە لە بچووکترین پێھەڵکەوتن و بچووکترین لاوازیدا، خاکی ئەم وڵاتەشمان پێ بە زۆر دەزانن".
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆشکی وەحدەددینەوە، بە شێوەیەکی راستەخۆ بەشداری کرد لە مانۆڕەی نیشتمانیی شین ٢٠٢١ و گوتارێکی پێشکەشکرد.
سەرکۆماری تورکیا لە دەستپێکی گوتارەکەیدا، نزای بۆ ئەو سەربازانە کرد کە لە رووداوی کەوتنەخوارەوەی ھێلیکۆپتەرێکدا شەھیدبوون و گوتی: "داوا لە خوای گەورە دەکەم رەحم بەو سەربازانەمان بکات کە پێرێ لە ئاکامی کەوتنەخوارەوەی ھێلیکۆپتەرێک شەھیدبوون. سەرەخۆشی لە خێزانی سەربازە قارەمانەکانمان، خزم و کەسوکاریان، سوپای تورکیا و گەلی خۆشەویستمان دەکەم".
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە بارەی دەستپێکردنی مانۆڕی نیشتمانیی شین ٢٠٢١وە گوتی: "مانۆڕەکەی ئەمساڵ زۆر بەھێزتر، فراوانتر، بەشێوەیەکی زۆر رێکخراوتر ئەنجام دەدەین، سیستەمی چەکی خۆماڵی و نیشتمانیمان تاقی دەکەینەوە".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتیشی: "ھەڵسەنگاندن بۆ زانیاری، توانا و پسپۆری سوپا قارەمانەکەمان دەکەین و دەبینین ئەگەر کەموکوڕییەکیان ھەبێت، ئەوا ھەوڵدەدەین بە چارەسەری بگەێنین".
رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لە ھەوڵەکانی زەوتکردنی مافی تورکیا کرد و گوتی: "ھەوڵدراوە مافەکانی گەلەکەمان و تورکەکانی قوبرس لە رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست، زەوت بکرێت".
سەرکۆماری تورکیا هەروەها گوتی: "چاومان نەبڕیووەتە سەروەری، خاک و ناوچەی قەڵەمڕەوی دەریایی ھیچ وڵاتێک، تەنھا ھەوڵ دەدەین وڵات و مافەکانی خۆمان بپارێزین".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان راشیگەیاند "لە رێگەی ھێزی ئاسایشی کەناردەریا، سنووری ئاوی خۆمان دەپارێزین و لە رێگەی بوونی کەشتیگەلیمان لە ھەموو جیھان، ئاشتی و سەقامگیری بۆ مرۆڤایەتی فەراھەم دەکەین".
رەجەب تەیب ئەردۆغان شانازی بە سەرکەوتنەکانی ھێزە دەریاییەکانی تورکیای کرد و گوتی: "ئەو سەرکەوتنانەی کە ھێزە دەریاییەکانمان بە ئەزموون، دسیپلین، کارمەندە بەتواناکان و ئەو ئەرکانەی کە جێبەجێیان کردووە، مایەی شانازیمانە".
ھاوکات رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لە توانا سەربازییەکانی تورکیا کرد و گوتی: "لەمڕۆدا لە ریزبەندی سێیەم بۆ چوارەمی ئەو وڵاتانەین کە باشترین فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان ھەیە".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتیشی: "لە ریزی ئەو ١٠ دەوڵەتانەداین کە دەتوانن خۆیان نەخشەسازی بۆ کەشتیی جەنگیی خۆیان بکەن و دروستی بکەن و بەردەوامی پێ بدەن".
رەجەب تەیب ئەردۆغان هەروەها ئاماژەی بە قەبارەی بەرھەمھێنانی پلاتفۆرمی دەریایی تورکیا کرد و گوتی: "تا ئێستا لە بەندەرەکانماندا بە بەھای سێ ملیار دۆلار زیاتر لە ١٣٠ پلاتفۆرمی دەریاییمان بەرھەمھێناوە و ھەناردەمان کردوون".
سەرکۆماری تورکیا گوتیشی: "وەک تەواوی بوارەکانی دیکە پێداگیرن لەوەی تورکیا لە بواری دەریاوانیشەوە بگەیەنین بە باشترین ئاست".