ئۆردو
سەرکۆماری تورکیا عەبدوڵا گول، بەشدارییکرد لەئێوارە خوانێکدا کە بۆ ماڵباتی شەھیدان و بریندارانی شاری ئۆردو سازکرابوو، ھەروەھا نوێنەرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و کارسازانیش بەشداربوون.
گول خۆشحاڵی نیشاندا و پێی گوتن ئەو وەکو سەرکۆمار لە ساڵی ٢٠١١ بەدواوە ویستوویەتی سەردانی ئەو شارە بکا، بەڵام بۆی نەلواوە سەردانەکە ئەنجامبدا.
گول گوتی:" لە تورکیا زۆرینە دیموکراسی بەڕێوەدەبا، بەڵام بۆچوونە جیاوازەکانیش دانیشتوانی وڵات لەیەکتر نزیک دەکاتەوە. قسەکردن و ھەڵوێست وەرگرتن و رێز لەیەکترگرتن زۆر گرنگن. کاتێ ئەو راستییە لەم شارە دەبینم، زۆر خۆسحاڵم. پیرۆزباییتان لێدەکەم. ھەرچەند درێژە بەمە بدەن باوەڕتان ھەبێ ئەوەندەی دیکە شارەکە پێشدەکەوێ. کاتێ رۆژی ھەڵبژاردنیش دێ ھەر کەس بە گوێرەی خۆی پشتگیریی ئەو لایەنە بکا کە پێی راستە، بەڵام لە ھەموو وڵات و شارێک کاتێ ھاوکاری ھەبێ ئەو شوێنە زیاتر سەقامگیر و پێشکەوتووتر دەبێ."
گول جەختی لەوە کردەوە ھەموو شوێنێکی تورکیا ھەڵمەتی گەورەی بنیاتنانەوە و بوژانەوەی بەخۆوە دەبینی. لەمبارەیەوە درێژەی بە قسەکانی دا: "لەبیرنەکەن، لەو کاتانەی ناسەقامگیریی ھەبێ، توانامان لەدژی یەکتر بەفیڕۆ دەدا، ھەموو کەس ئازاری دەچەشت، کاتێ ئارامی ھەبێ بەقازانجی ھەموومان دەگەڕێتەوە. لە وڵاتەکەمان پێشکەوتنی زۆر باش دەبینرێ، بەڵام کاتێ باسی ئەوە دەکەین نابێ کەم و کوڕییەکانمان لەبیرکەین. نابێ لەبیریکەین ھێشتا تورکیا وەکو ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ھۆڵەندا و فەڕەنسانییە. لەھەموو بوارێکەوە کەم و کوڕیمان زۆرە. کەواتە پێویستمان بەکارکردنی زیاترە. ھێشتا پێویستیمان بە سەقامگیریی و ئارامی زیاتر ھەیە بۆ کەمکردنەوەی مەودای نێوانمان."
گول، ئاماژەی بە کێشەی بێکاری کرد و گوتی: "دەرچووانی زانکۆ ھەرە باشەکانی ئەوروپا، بێکارن و لە کۆڵانان دەسوڕێنەوە. لە تورکیا ھەندێک پرسی سەرەکی ھەن. دەبێ ئەوانەش بە باوەڕ بەخۆکردن چارەسەر بکرێن. لەبیرنەکەن ئامانجمان گەیشتنە بە ئاستی وڵاتە پێشکەوتوو و ھەر دیموکراتەکان. وڵاتێکین دەتوانین ئەوە بکەین. وڵاتێکین خاوەن مێژوویەکی پرسنگدار، میللەتێکین بۆ مێژووی مرۆڤایەتی زۆر دەستکەوتمان ھەبووە."
کەنعان زیفتزی، والی ئۆردو بەناوی دانیشتوانی ئۆردو بەخێرھاتنی سەرکۆماری تورکیای کرد و گوتی: "شارەکەمان بە دەریا، کوێستان و گوێز، ھەروەھا بە ھەنگوین و کیوی، بۆتە یەکێ لە شارە پێشکەوتووەکانی تورکیا. یەکێتی و بەیەکەوەبوون، نێوانمان بەھێز دەکا تا شارەکەمان زیاتر پێشکەوێ."