Ferdi Türkten
23 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 24 تشرینی یەکەم 2016
ئافیۆن - AA
- سەرۆکوەزیرانی تورکیا بینالی یڵدرم: ''وەک دەزانن، ئەوێ لەژێر دەسەڵاتی بارزانیدایە، لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندایە. ناوچەکەی ئەوان لە دەستووری عێراقدا وەک هەرێمێکی فیدراڵی ناسێنراوە. لەبەر ئەوە هەر هاریکارییەک لەو ناوچەیە بکرێت، لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیدا نا بەڵکو لەگەڵ خاوەنی راستیی ئەو ناوچەیەدا، کە حکوومەتی بارزانییە، دەیکەین. بەردەوام لەوبارەیەوە کۆبوونەوە دەکەین. واتە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بەو بابەتە بەشێوەیەکی جیاواز لە تورکیا بیرناکاتەوە. چونکە پێشهاتە تیرۆریستییەکان و پەکەکە، بۆ ئەوانیش هەڕەشەیەکی جدین''.
سەرۆکوەزیرانی تورکیا بینالی یڵدرم لەمیانەی بەشدارییکردن لە پرۆگرامێکی تەلەڤزیۆنییدا، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە.
بینالی یڵدرم جەختی لەوەکردەوە تورکیا هیچ کێشەیەکی لەگەڵ کوردانی عێراق یان سووریا نییە و گوتی: ''ئەوان خوشک و برای ئێمەن، لە خۆرهەڵات و باشووری خۆرهەڵاتی تورکیا هاووڵاتییانی کوردمان بوونیان هەیە، خزمایەتییان لەنێوانیاندا هەیە. ئێمە خەمێکی لەوجۆرەمان نییە. دوو شت تێکەڵاو دەکرێت. وەک ئەوەی کاتێک ئێمە سەبارەت بە پەیەدە و یەپەگە قسە دەکەین، تێگەیشتنێکی لەو جۆرە درووستدەکەن کە 'تورکیا کوردانی ئەم ناوچەیەی ناوێت'، ئەمە خۆی هەڵەیە و پێویستە سەرەتا ئەمە راستبکرێتەوە''.
یڵدرم باسی لەوەکرد تورکیا تورکیا نایەوێت یەکپارچەیی خاکی سووریا و عێراق تێکچێت و هیچ پلان و ئامانجێکی لەو شێوەیەشی نییە و رایگەیاند:
''ئێمە خوازیاری ئەوەین یەکپارچەیی خاکی ئەو وڵاتانە پارێزراو بێت و ئەو خوێنەی کە دەڕژێت بووەستێت. بەڵام بەهۆی بۆشایی دەسەڵات و نەبوونی حکوومەتەوە، ژمارەیەک رێکخراوی تیرۆریستیی لەو ناوچانە گەشەیان کردووە، ئەمەش مایەی نیگەرانیی ئێمەیە. ئێمە چی دەکەین؟ ئایا دوای ئەوەی بەچەکە قورسەکانیان، بۆمبەکانیان و خۆکوژەکانیانەوە سنووریان بەزاند و چالاکییان ئەنجامدا، دەکەوینە جووڵە؟ ئەمەمان هەر کردووە دژی ئەندامانی پەکەکە لەناوەوەی تورکیا. بەڵام ئەوەش دەکەین، لە سووریا دەستمان پێکردووە، لەچوارچێوەی قەڵغانی فوراتدا ناوچەیەکی ئاراممان درووستکردووە. بەهەمان شێوە چەندین ساڵە ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیی لە باکووری عێراق ئەنجامدەدەین. جار جار لەرێگەی وشکانییشەوە ئۆپەراسیۆن دەکەین. بیرتان بکەوێتەوە، لەساڵانی رابردوودا، لە ساڵانی نەوەدەکاندا ئۆپەراسیۆنی زۆر گەورەمان ئەنجامداوە، بەڵام ئێمە سەرەرای ئەنجامدانی ئەم ئۆپەراسیۆنانە پێویستە رێوشوێنی ئەمنیی بگرینەبەر کە رێگربێت لە هاتنە ناوەوەیان بەشێوەیەکی یەکجاریی''.
لەوەڵامی پرسیاری ''ئایا مەبەستتان ئەوەیە ناوچەیەکی پاککراوە لە تیرۆریستان درووستبکرێت لەوێش؟''، سەرۆکوەزیرانی تورکیا رایگەیاند:
''بابەتێک هەبوو سەبارەت بە گۆڕینی سنووری عێراق، بەشێوەیەک ئاڵوگۆرێک لە خاکی هەردوو وڵاتدا بکرێت، تاوەکو ئەو سنوورە ببێتە ناوچەیەکی ئارام، ئەمە دەمێکە باسی لێوەدەکرێت و لەسەردەمی حکوومەتە جیاجیاکاندا باسکراوە''.
لەوەڵامی پرسیاری ئەوەی ''ئایا لەوبارەیەوە تورکیا پلانێکی نوێی هەیە؟''، یڵدرم گوتی: ''وەک دەزانن، ئەوێ لەژێر دەسەڵاتی بارزانیدایە، لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندایە. ناوچەکەی ئەوان لە دەستووری عێراقدا وەک هەرێمێکی فیدراڵی ناسێنراوە. لەبەر ئەوە هەر هاریکارییەک لەو ناوچەیە بکرێت، لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیدا نا بەڵکو لەگەڵ خاوەنی راستیی ئەو ناوچەیەدا، کە حکوومەتی بارزانییە، دەیکەین. بەردەوام لەوبارەیەوە کۆبوونەوە دەکەین. واتە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بەو بابەتە بەشێوەیەکی جیاواز لە تورکیا بیرناکاتەوە. چونکە پێشهاتە تیرۆریستییەکان و پەکەکە، بۆ ئەوانیش هەڕەشەیەکی جدین''.