Muhammet Ali Kemal
06 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 07 کانوونی دووەم 2016
لە هەواڵێکدا کە ناوی سەرچاوەکەی نەهاتووە و لە ماڵپەڕی (Re/Code) کە تایبەتە بە هەواڵی تەکنەلۆژیا، بانگەشەی ئەوە کراوە کە تویتەر خۆی ئامادە دەکات سنووری 140 پیت نەمێنێت.
لەو هەواڵەدا ئاماژە بەوە کراوە سنووری پیتەکان و بەرزکردنەوەی بۆ دە هەزار پیت لە کۆتایی مانگی نیساندا یان سەرەتای ئایاردا دەبێت و جگە لەمەش بیر لە ژمارەیەک گۆڕانکاری و نوێگەری دیکە کراوەتەوە.
لە کاتێکدا کۆمپانیای تویتەر هیچ روونکردنەوەیەکی سەبارەت بە هەواڵەکە بڵاو نەکردووەتەوە، سەرۆکی کۆمپانیاکە جاک دۆرسی لە ئەژماری تایبەتی خۆیەوە، ئاماژەی بۆ گۆڕانکارییەکان کردووە.
دۆرسی لە وێنەی دەقێکی هەزار و ٣٢٥ پیتیدا کە لە تویتەر بڵاوی کردەوە و وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە لەو لێکۆڵینەوانەدا کە ئەنجامیان داوە بۆیان روون بووەتەوە کە زۆرینەی بەکارهێنەرانی تویتەر بەمەبەستی تێپەڕاندنی ئەو سنوورەی کە بۆ پیتەکان دانراوە، وێنەی دەقی نووسینەکانیان بڵاو دەکەنەوە، رایگەیاند ئەوان پێیان وایە ئەگەر بێت و ئەم دەقانە بەشێوەی نووسین نەک وێنە بڵاو بکرێنەوە ئەوە پراکتیکیتر و بەهێزتر دەبن.
سەرۆکی تویتەر باسی لەوە کردووە سنووردارکردنی پیتەکان "داهێنەری" و "کورت نووسین"ی بەرەوپێش بردووە و ئەوان ئەمەیان زۆر بەدڵە بەڵام ئەوان خۆیان لە گۆڕانکارییەکان کە خواستی بەکارهێنەرانە لانادەن.
دۆرسی لە روونکردنەوەکەیدا باسی لە زیادکردنی سنووری پیتی رێگەپێدراو نەکرد بەڵام ئەو هەواڵانەشی بەدرۆ نەخستەوە کە باس لە زیادکردنی ژمارەی پیتەکان بۆ ١٠ هەزار پیت دەکەن.