Mazın Asad
28 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 28 تشرینی دووەم 2015
بەغدا - AA
بە درێژایی شەقامی ئەلموتەنەبی کتێبخانەی مێژووی لەسەر شۆستەکانی ئەو شەقامە دانراوە کە جێگەی بایەخی خەڵکی بەغدایە.
مێژووی یەکێک لە بیناکانی شەقامی ئەلموتەنەبی بۆ ساڵی ١٩٠٨ دەگەڕێتەوە لە سەردەمی عوسمانی کە بە "ئەڵکشڵا" دەناسرێت کە "کتێبخانەی ئەلعەسرییە"ی تێدایە و کەسانی رۆشنبیر لەوێدا چا دەخۆن و گفتوگۆ لەسەر چەندین بابەت دەکەن. ئەو بینایە لە ساڵی ١٩١٧ بۆ "چایخانەی شابەندەر" گۆڕا کە بایەخێکی زۆر دەبینێت.
شەقامەکە لە سەردەمی پاشایەتی عێراق وەک دەزگایەکی فەرمی وڵاتی بەکاردەھێنرا و لە ئێستادا شەقامی موتەنەبی وەک خۆی ماوەتەوە و ھیچ نۆژەنکردنەوەیەکی بۆ نەکراوە. لە نێو کۆڵانی ئەو شەقامەدا ژمارەیەکی زۆر لە بینای مێژوویی ھەن کە ئێواران گەنجێکی زۆر لێ کۆدەبنەوە.
ھاوکات دوای ساڵی ٢٠٠٣ و بەھۆی ھێرشەکانی تیرۆریستی جاروبار شەقامی موتەنەبی زیانی پێگەیشتووە و ھەندێک لەو زیانانەش تاوەکو ئێستا بە روونی دەبینرێت.
چالاکوانی عێراق، محەمەد ھاشم لە روونکردنەوەیەکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوە دا خەڵکی عێراق و وڵات لەم ماوانەی دواییدا زیانێکی زۆرییان پێگەیشتووە و گوتیشی: "دیکتاتۆری زۆر ستەمکار ئەم وڵاتەی بەڕێوە بردووە. خەڵکی عێراق ھەندێک جار بەھۆی بەکارھێنانی تاکە وشەیەک بە زیندوویی زیندەچاڵ دەکرا. دوای ئەم رۆژە رەشانە گوایە دیموکراسی ھات بۆ وڵات. دواتر شەقامی موتەنەبی بووە شوێنی نیگارکێش، شاعیر، سیاسەتمەدار، نووسەر، ھونەرمەند و ئازادیخوازەکان".
ھاشم گوتیشی: "شەقامی موتەنەبی ئەو شەقامەیە کە گشت لایەنەکانی کۆمەڵ بێ جیاوازی ئەتنیکی بۆ ئەم شوێنە دێن. ئێرە چەتری گشت عێراقییەکانە".
رۆژنامەنووسی عێراقی، عەبدوڵا ئەلکەنانی گوتی: "خەڵکی رۆشنبیری عێراق سەردانی ئەم شوێنە دەکات و دوور لە جیاوازی مەزھەبی ھەناسەی ئازادی لە شەقامەکەدا دەکێشن".
ئەلکەنانی گوتیشی: "موتەنەبی حکوومەتێکی سەربەخۆیە و وەزیرەکانی ئەم حکوومەتە لە شاعیر و رۆژنامەنووسەکان پێکدێت. کۆماریشی لە گشت گرووپەکان ئایینی و ئەتنیکی پێکدێت کە تەواوی گەلە".
چالاکوانێکی دیکە بە ناوی ئەحمەد جاسم پەندی پێشینانی "میسر بەرھەم دەھێنێت، لوبنان چاپی دەکات و بەغدا دەیخوێنێت"ی وەبیرھێنایەوە و گوتیشی: "رۆشنبیرانی بەغدا بە تایبەتی لە رۆژانی ھەینی لە شەقامی موتەنەبی کۆدەبنەوە و دەرفەتی خوێندنی کتێبان بۆ دەڕەخسێت. شەقامەکە تاکە رەنگێک نییە بەڵکو گشت رەنگەکان لێرەدا دەبینرێت و خاوەنی شەقامەکە ھەموو کەسێکە".
جێگەی باسە ناوی شەقامی ئەلومەتەنەبی بۆ شاعیری شاری کوفەی عێراق لە سەردەمی عەباسییەکان "ئەبو تەیبن ئەلموتەنەبی" دەگەڕێتەوە.