Sarmand Hameed
22 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 23 کانوونی یەکەم 2020
هەولێر - AA
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی رایگەیاند، بە ھەستیارییەوە دەڕواننە جۆری نوێی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ.
سامان بەرزنجی لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیوویەتی "بە ھەستیارییەوە دەڕوانینە جۆری نوێی ڤایرۆسی کۆڕۆنا".
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند "رێککارەکان بۆ بەرژەوەندی ھاووڵاتیی لەپێشینە دەبێت. پێکەوە کوردستان دەپارێزین".
پێشتریش وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە نووسراوێکدا کە واژووی وەزیری تەندروستیی، سامان بەرزنجی لەسەرە و ئاراستەی هەموو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی تەندروستیی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، گەرمیان، راپەڕین و کۆیەی کردبوو داوای کردبوو بەوردی چاودێری هەر گەشتیارێک بکەن کە لە بەریتانیاوە دێتە هەرێمی کوردستان.
لە نووسراوەکەی وەزارەتی تەندروستیدا هاتووە "بۆ ئامادەکاری و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆهەر ئەگەرێکی سەرهەڵدانی ڤایرۆسێکی نوێ کە ئێستا لە وڵاتی بەریتانیا راگەیەندراوە، پێتان رادەگەیەنین کەوا پێویستە بەوردی چاودێری هەموو ئەو گەشتیار و کەسانە بکەن کە راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ لە وڵاتی بەریتانیاوە دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان لەڕێگای فرۆکەخانەکان یان دەروازە سنوورییەکان و کاری پێویست ئەنجام بدەن بە تۆمارکردن و چاودێریکردنی رەوشی تەندروستییان لەکاتی ئێستادا و بۆ پشکنین و پەیوەندیکردن پێوەیان".
ئاماژە بەوەشدرابوو "دواتر لە رێکاری نوێ و پێشوەچوونەکان ئاگادارتان دەکەینەوە".
بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێکی نوێ لە بەریتانیا کە بە کۆرۆنای نوێیەکە ناوی دەبەن چەندین وڵات رێوشوێنی خێرای بۆ خۆپارێزی لەو ڤایرۆسە نوێیە گرتە بەر و ژمارەیەک وڵاتی ئەورووپایش گەشتە ئاسمانی و زەمینییەکانیشیان لەگەڵ بەریتانیا راگرت، هەرێمی کوردستانیش بەم بڕیارە هەنگاوەکانی خۆپارێزی لەو ڤایرۆسە دەستپێدەکات.
هاوکات حکوومەتی عێراق وەک رێککارێک بۆ بەرگرتن لە نەوەی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا نوێ بڕیاریدا بە قەدەغەی گەشتی ھاتن و چوون لەگەڵ ھەریەک لە بەریتانیا، ئەفریقای باشوور، ئوسترالیا، دانیمارک، ھۆڵەندا، بەلجیکا، ئێران و ژاپۆن، ھەروەھا ھەر وڵاتێک کە لە داھاتوودا وەزارەتی تەندروستی دیاری بکات.