Adam Abu-bashal
06 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 06 نیسان 2021
ئابوجا- AA
لە ویلایەتی بایەلسا-ی باشووری نێجیریا، ٢٤ کەس بەهۆی کۆلێراوه گیانیان لەدەستداوه.
بەگوێرەی ئەو هەواڵانەی لە راگەیاندنە ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتەدا بڵاوکراونەتەوە، بەرپرسی تەندروستی ویلایەتەکە، دكۆتۆر پابارا نیوتۆن- ئیگوێلا لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستوەتەڕوو کە لە ناوچە جیاوازەکانی ویلایەتی بایەلسا ٢٠٠ حاڵەتی توشبوون بە کۆلێرا تۆمارکراون.
نیوتۆن- ئیگوێلا باسی لەوەشکرد کە ٢٤ کەس لە توشبووەکان گیانیان لەدەستداوە و بەشێوەی بەپەلەش دەرمان و پێداویستی پزیشکی گەیەندراونەتە ئەو ناوچانەی کۆلێرا-ی لێ بڵاوبووەتەوە.
ناوبراو، داوای لە دانیشتوانی ئەو ناوچانەش کرد رێوشوێنی پێویست بۆ خۆپارێزی بگرنەبەر و لە کاتی بینینی هەر دۆخێکی گوماناویدا بەرپرسانی لێئاگادار بکەنەوە.
جێی وەبیرهێنانەوەیە لە نێجیریا بەهۆی دەستنەکەوتنی ئاوی خواردنەوە و کەمی پێداویستییە پزیشکییەکانەوە، مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و گیان لەدەستدان لە زیادبووندایە.
ناوبەناو نەخۆشییەکانی وەک مەلاریا، ئیفلیجی منداڵ، گرانەتا و هاوڵە لەو وڵاتەدا بڵاودەبێتەوە.