Rewa Mahmood Hasan
15 حوزەیران 2022•نوێکردنەوە: 16 حوزەیران 2022
سلێمانی - AA
بەڕێوەبەریی گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، لە سلێمانی تووشبوون بە پەتای سکچوون ستانداردی جیهانیی تێپەڕاندووە و نەیشاردەوە کە گومانێکی زۆر دەکەن پەتای کۆلێرا بێت.
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، د.سەباح هەورامی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، لە پارێزگای سلێمانی پەتای سکچوون زۆر زیادیکردووە و ساڵانە لەم وەرزەدا زیاد دەکات، بەڵام ئەمساڵ ستانداردی جیهانی تێپەڕاندووە.
د. سەباح گوتیشی: "بەهۆی ئەو رێژە زۆرەی تووشبووانی پەتای سکچوونەوە، شوێن بۆ مانەوەی نەخۆش نەماوە و ناچاربوون نەخۆشخانەیەکی دیکە بۆ پێشوازیکردن لە تووشبووانەی پەتاکە زیاد بکەن".
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ئاشکرای کرد کە گومان دەکەن لەوەی پەتای سکچوونەکە کۆلێرا بێت چونکە نیشانەکانیان زۆر نزیکە لەیەکەوە و گوتی "بەپێی نیشانە سەرەتاییەکان گومان دەکەین ئەم پەتایەی ئێستا کۆلێرا بێت، بۆیە داوا لە دایک و باوکان دەکەین بەهیچ شێوەیەک دەرمانی گیایی بۆ منداڵان بەکارنەهێنن و چێشتخانەکانیش بەهیچ شێوەیەک سەوزە پێشکەش بە کڕیاران نەکەن، بەپێچەوانەوە شوێنەکەی دادەخەین".
د.سەباح باسی لەوەش کرد، "ئامارەکان زۆر زیادیان کردووە بۆیە ترسمان لێ نیشتووە، ئامادەکارییمان بۆ کردووە و داوا لە هاووڵاتیان دەکەین پابەندی رێنماییەکان بن".
هەروەها داواشی لە هاوڵاتیان کرد سەردانی ئەو نەخۆشخانانە بکەن کە تایبەت کراون بە پەتاکە.