Sarmand Hameed
15 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 16 نیسان 2020
هەولێر - AA
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی هەولێر، دلۆڤان محەمەدفاتیح جەلال رایگەیاند، ١١ نەخۆشی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بەتەواوی چاکبوونەوە و باری تەندروستیان تەواو جێگیر بووەتەوە و رەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە.
دلۆڤان محەمەدفاتیح جەلال لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە کە دوای ئەنجامدانی پشکنینی تایبەتی یەک لەدوای یەک بۆ هەر ١١ تووشبووەکە و دەرچوونی ئەنجامەکانی بە نێگەتیڤ، بڕیاردرا بنێردرێنەوە ماڵەوە.
بەپێی راگەیەنراوەکە کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، کۆی گشتی ئەو نەخۆشانەی دوای تووشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە پارێزگای هەولێر چاکبوونەتەوە، گەیشتووەتە ٨٩ کەس.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسەکە لە هەرێمی کوردستان لە ئێستادا، ٣٣٤ حاڵەتە، لەو ژمارەیەش ١٦٩ حاڵەت لە ھەولێر، ١٢٧حاڵەت لە سلێمانی، ١٥ حاڵەت لە دھۆک و ٢٣ حاڵەتیش لە ھەڵەبجە تۆمارکراون.
بە چاکبوونەوەی ئەم ١١ تووشبووە، ژمارەی ئەو نەخۆشانەی دوای تووشبوونیان بە ڤایرۆسەکە لە هەرێمی کوردستان بە تەواوەرت چاکبوونەتەوە گەیشتە، ٢٠٩ نەخۆش کە ٨٩ یان لە ھەولێر، ١٠٠ لە سلێمانی، ١٢ لە دھۆک و هەشت نەخۆشیش لە هەڵەبجە بوون.
هەروەها چوار حاڵەتی گیانلەدەستدانیش لە شاری سلێمانی ھەبووە و، لە ئێستادا تەنها ١٢١ نەخۆش لەژێر چاودێری پزیشکییدان کە ٨٠ لە پارێزگای ھەولێر، ٢٣ لە پارێزگای سلێمانی، سێ لە پارێزگای دھۆک و ١٥ نەخۆشیش لە پارێزگای ھەڵەبجەن.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رێگرییكردن لە بڵابوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا، زنجیرەیەک رێکاری گرتووەتەبەر لەوانە قەدەغەکردنی هاتوچۆ، راگهیاندنی پشوو لە ناوەندەکانی خوێندن، داخستنی مزگەوت و شوێنە گشتییەکانی وەک پارک، مۆڵ، قاوەخانە، سینەماكان و چەند شوێنێکی دیکە، هەروەها وەستاندنی گەشتە ئاسمانییەکان و داخستنی دەروازە سنوورییەکان.