Burcu Çalık Göçümlü
14 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 15 نیسان 2020
ئەنقەرە - AA
وەزيرى تەندروستیى توركيا، فەخرەددین كۆجا لە كۆمەڵگەى وەزارەتى تەندروستى توركيا لە بيلكەنت پاش بەشداريكردنى لە كۆبوونەوەى ئەنجوومەنى زانستی لە رێگەى تەلەكۆنفرانسەوە، كۆنگرەيەكى رۆژنامەوانى رێكخست.
فەخرەددين كۆجا، پێش بڵاوكردنەوەى دوايين ئامارەكان ئاماژەى بەچەند خاڵێكى گرنگ كرد لە بەرەنگاربوونەوەى توركيا لە دژى ڤايرۆسى كۆرۆنا،و گوتى: "توركيا لە چوارەمين هەفتەدا چووە دۆخى كەمبوونەوەى خێرايى حاڵەتەكانى تووشبوون. چوونەناو قۆناغى كەمبوونەوەى خێرايى زيادبوونى تووشبوون، خاوبوونەوەى خێرايى زيادبوونى گيانلەدەستدان، ئەوە دەگەێنێت كە ئێمە لەسەر رێگەى راستين لە بەرەنگاربوونەوەدا".
كۆجا گوتيشى: "بە دەستنيشانكردنى پێشوەخت، رێگرى لە بڵاوبوونەوە دەگيرێت و ژيانى ئەو كەسانەش دەپارێزرێت كە لە گرووپى مەترسيدارن. تيشك دەخەينە سەر دۆزينەوەى ئەو كەسانەى كە ئەگەرى تووشبوونيان بە نەخۆشييەكە بەرزە. رووپێوى بۆ بەريەككەوتنى بەربڵاو، بەدواداچوونى چڕ دەبێتە رێگەى رێگرتن لە پەتاكە".
كۆجا راشیگەیاند: "كۆى گشتيى ژمارەى ئەو كەسانەى كە لەلايەن تيمەكانى دەستنيشانكردنى هۆكارەكان سەرهەڵدانى ڤايرۆسەكەوە بەدواداچوونيان بۆكراوە ٢٥١ هەزار و ٢٨ كەسن".
فەخرەددين كۆجا سەبارەت بە نوێترين ئامارەكانى ڤايرۆسى كۆرۆناى نوێ (COVID-19) لە توركيا گوتى: "لە ٢٤ كاتژمێرى رابردوودا، چوار هەزار و ٦٢ حاڵەتى تووشبوونى نوێ دەستنيشانكراوە، ١٠٧ تووشبوو گيانيانلەدەستداوە، كۆى گشتى گيانلەدەستدان گەيشتووەتە هەزار و ٤٠٣ کەس".
كۆجا گوتيشى: "بەمڕۆوە كۆى گشتى ژمارەى پشكنينەكانى کۆرۆنا ٤٤٣ هەزار و ٦٦٢ پشكنين ئەنجامدراوە. كۆى گشتى حاڵەتەكانى تووشبوون گەيشتووەتە ٦٥ هەزار و ١١١ حاڵەت. كۆى گشتى چوار هەزار و ٧٩٩ تووشبوو چاكبوونەتەوە و نەخۆشخانەيان جێهێشتووە".
وەزيرى تەندروستى توركيا، سەبارەت بە بەدوادچوون بە دواى تووشبووان و ئەوانەى گومانى تووشبوونيان لێدەكرێت گوتى: "تاكو ئەمڕۆ ٢٦١ هەزار و ٩٨٩ كەس لە زنجيرەى بەريەككەوتن دەستنيشانكراون. لەمانە گەيشتووينەتە سەدا ٩٦ يان و بەدواداچوونيان بۆ كراوە".
وەزيرى تەندروستى توركيا گوتيشى: "لەسەرانسەرى توركيا چوار هەزار و ٦٠٠ تيمی دەستنيشانكردنى هۆكارەكان و دۆخى ڤايرۆسەكەمان هەيە".
دەربارەى دۆخى يەكەكانى چاودێرى چڕ لە ئيستانبوڵ، كۆجا گوتى: "لە ئێستادا رێژەى پڕبوونى يەكەكانى چاودێرى چڕ لە ئيستانبوڵ لە سەدا ٥٩،٥ ە و نەگەيشتووەتە لە سەدا نەوەدەكان".
فەخرەددين كۆجا، ژێرخانی تەندروستى و پلانى بەرەنگاربوونەى ڤايرۆسەكەى لە وڵاتەكەى بەرز نرخاند و گوتى: "دۆخى توركيا، بە جياواز لەگەڵ جيهاندا بەڕێوەدەچێت. لە هيچ وڵاتێكى جيهاندا لەگەڵ زيادبوونى حاڵەتەكانى تووشبوون بە هيچ شێوەيەك كەمبوونەوەى ژمارەى ئەو نەخۆشانەى كە لە نەخۆشخانە دەمێننەوە، لە ژێر چاودێرى چڕ و پێویستبوون بە ئامێرى هەناسەدانی دەستکرد روونادات".
سەبارەت بە ئەگەرى هاوكاريكردنى توركيا لەگەڵ وڵاتێكى ديكەدا بۆ كاركردن لەسەر دۆزينەوەى پێكوتەيەک بۆ ڤايرۆسى كۆرۆناى نوێ، كۆجا گوتى: "ئەگەر پێويست بكات ئەوە ئامادەين لەگەڵ چەندين وڵاتدا كارى دۆزينەوەى پێكوتە بكەين، بەڵام لە خاڵى تاقيكردنەوەى كلينيكى، كارەكانى خۆمان بە گرنگتر دەزانين".