Heman Hussein Yaseen
23 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 25 نیسان 2020
ههولێر - AA
وهزیری ئهوقاف و كاروباری ئایینی ههرێمی كوردستان، پشتیوان سادق رایگەیاند، داخستنی مزگەوتەکان بابەتێکی تەندروستییە و سیاسیی نییە، چونکە ئەوە ھەر مزگەوتەکان نین کە داخراون، بەڵکو ناوەندەکانی خوێندنیش داخراون.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ھەریەک لە وەزیری تەندروستیی ھەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، پشتیوان سادق و سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان، عەبدوڵڵا سەعید وەیسی کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا تیشکیان خستە سەر ھۆکاری نەکردنەوەی دەرگای مزگەوتەکان بەتایبەت لە مانگی رەمەزاندا کە ساڵانە لەم کاتەدا خەڵکێکی زۆر روویان لە مزگەوتەکان دەکرد بۆ خواپەرستی.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، پشتیوان سادق گوتی: ''کۆبوونەوەی ئێمە لەگەڵ یەکێتی زانایانی ئایینی و وەزارەتی تەندروستی بۆ ئەوە بووە کە رێنماییەکانمان وەک خۆپارێزی لە کوردستان بەرفراوانتر بێت و مزگەوتەکانیش پەیوەستی خۆیان بە جێبەجێکردنی رێنماییەکان دووپاتکردووەتەوە''.
پشتیوان سادق گوتیشی: ''ئەو مەترسییەی ھەیە لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەرانسەری جیھان و کوردستانیش بەردەوامە، بۆیە ھەرکاتێک زانیمان کە مەترسی کەم بووەتەوە، ئەوا بە دڵنیاییەوە دەرگای مزگەوتەکان بەر لە دەوام و قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگەکان دەکرێنەوە''.
وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی ھەرێمی کوردستان رەتیشیکردەوە کە داخستنی مزگەوتەکان ھۆکارێکی بەدەر لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بێت و گوتیشی: ''داخستنی مزگەوتەکان بابەتێکی تەندروستییە و سیاسیی نییە، چونکە ئەوە ھەر مزگەوتەکان نین کە داخراون، بەڵکو ناوەندەکانی خوێندنیش داخراون، ھەروەھا ئەوەی ھەیە لە کرانەوەی بازاڕەکان تایبەتە بە بژێوی ژیانی ھاووڵاتییان و بۆیەش کراوەتەوە، ھەروەھا لە سەرەتای ئەم مانگەوە ھەڵسەنگاندن دەکەین بۆ رەوشی تەندروستی، ئەگەر گونجا، ئەوا دەرگای مزگەوتەکان دەکەینەوە، بەڵام ئەگەر رەوشەکە ئاسایی نەبێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە داخستنی دەرگای مزگەوتەکان بەردەوام دەبێت''.
لەبارەی نوێژکردن لە دەرەوەی مزگەوتەکان، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان گوتی: ''مزگەوت لە رووی کارگێڕییەوە کاری ئێمەیە و مامۆستای مزگەوت فەرمانبەری حکوومەتە و، ئێمە لە دەرەوەی مزگەوتەکان لەھیچ رێکارێک بەرپرس نین، بەڵام تا یەکی ئایار ھەڵسەنگاندنەکانی تەندروستی دەکرێت، ئەوا مزگەوتەکان بە داخراوی دەمێننەوە''.
ھەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، وەزیری تەندروستی ھەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی گوتی: ''رەوشی تەندروستی و ڤایرۆسی کۆرۆنا ھەر لە کوردستان بەردەوامە و ھیچ وڵاتێک کۆنتڕۆڵی یەکجارەکی نەکردووە و ڤایرۆسەکە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگوازرێتەوە. بێگومان رێکارەکان توند بوونە بەڵام ئێستاش پێویستی بە ھەنگاوی زیاترە تا لەو مەترسییە دەرچین''.
سامان بەرزنجی گوتیشی: ''خۆشبەختانە لە کوردستان، تەشەنەکردنی ئەو ڤایرۆسە لە کۆنتڕۆڵ دەرنەچوو، ئەوەش سەرباری ھەوڵی تیمەکانی پزیشکی و ھاووڵاتییان، مامۆستایانی ئایینی زۆرترین ھاوکارییان کردووین و ئامۆژگاری خەڵکی کوردستانیان کردووە و، پەیوەستبوونە بە رێنماییەکان و تەندروستی ھاووڵاتییان لەبەرچاو گیراوە''.
سامان بەرزنجی گوتیشی: ''ئێمە بەردەوام لەگەڵ یەکێتی زانایان لە پەیوەندیدا بووینە، سوپاسی پشتگیرییان دەکەین، ئەوەی ئێستا ھیچ رێکارێکی یەکجارەکی نییە و ئەمرۆش قەدەغەی ھاتووچۆش تا یەکی ئایار درێژ کراوەتەوە و، تائێستا بەرکەوتە و نەخۆشیمان لە نەخۆشخانەکان ھەیە و رووپێوی نەخۆشییەکەش بەردەوامە، دوای ئەوە مامۆستایانی ئایینی و یەکێتی زانایانی ئایینی قسەی خۆیان لەسەر دەکەن، ئەوەتا ئەمرۆش تووشبووی تازەمان ھەبووە و ھێشتا ئێمە لە ھەوڵی کۆنتڕۆڵی دۆخەکەداین''.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سامان بەرزنجی ئاماژەی بە مووچەی فەرمانبەرانی وەزارەتەکەی کرد و گوتی: ''ئێمە نیگەرانین بۆ دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانمان، بەڵام دیارە کێشەی دارایی ھەیە و، لەگەڵ بەغداش گرفت ھەیە و ھەوڵ ھەیە تا پارەی بەغدا بگات، ئەوکات ئێمە وەک تەندروستی یەکەم وەزارەت دەبین لە وەرگرتنی مووچە''.
ھەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی کوردستان، عەبدوڵڵا سەعید گوتی: ''داخستنی دەرگای مزگەوتەکان مەبەست لێی لیدان نییە لە شکۆی مزگەوت، بەڵکو بەھۆی ئەوەیە کە مەترسییەکان ھێشتا ماون و، ئەوەش پەیوەستە بە ھەڵسەنگاندنی دۆخەکە، ئەگەر دۆخەکە بەرەو باشتر بچێت ئەوا دەرگای مزگەوتەکان دەکرێنەوە''.
عەبدوڵڵا سەعید وەیسی گوتیشی: ''ھەرگیز حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سوکایەتی و دژایەتی بەرامبەر ئیسلام و مزگەوت نەبووە و ھەر کوردستانیش نییە بەڵکو وڵاتانی وەک سعوودیە، ئوردن، ئێران و تورکیاش بەھەمان قۆناغ و بڕیاردا تپەڕبوونە''.