Heman Hussein Yaseen
15 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 16 تشرینی دووەم 2020
ھەولێر - AA
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٥٧١ تووشبووی نوێ بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) و ٢٨ حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراوە، بەمەش کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسەکە گەیشتە ٨٩ ھەزار و ٦٠٠ حاڵەت و گیانلەدەستدانیش بەھۆی ڤایرۆسەکەوە گەیشتە دوو ھەزار و ٨٤٣ کەس.
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماری ٢٤ کاتژمێری رابردووی لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێی بڵاوکردەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، پێنج ھەزار و ٦٦٣ پشکنین لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە و دەرەنجام ٥٧١ تووشبووی نوێ بە ڤایرۆسەکە تۆمارکراوە.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستاندا کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاماری تووشبووان و گیانلەدەستدان لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا بەم شێوەیە تۆمارکراوە:
پارێزگای ھەولێر، ٢٣١ تووشبوو، پێنج حاڵەتی گیانلەدەستدان.
پارێزگای سلێمانی، ١٦١ تووشبوو، شەش حاڵەتی گیانلەدەستدان.
پارێزگای دھۆک، ١٢١ تووشبوو، ھەشت حاڵەتی گیانلەدەستدان.
پارێزگای ھەڵەبجە، نۆ تووشبوو، یەک حاڵەتی گیانلەدەستدان.
ئیدارەی گەرمیان، ٤٦ تووشبوو.
ئیدارەی راپەڕین سێ حاڵەتی تووشبوو، ھەشت حاڵەتی گیانلەدەستدان.
ئاماژە بەوەشدراوە کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٤٢٦ نەخۆش دوای چارەسەری پزیشکی چاکبوونەوەتەوە، ھاوکات لە سەرەتای سەرھەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تا ئێستا ٧٣٩ ھەزار و ٩٠ پشکنین لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان، کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە ھەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ٨٩ ھەزار و ٦٠٠ تووشبوو کە ٣٢ ھەزار و ٧٥٩ لە ھەولێر، ٢٥ ھەزار و ٨٩١ لە سلێمانی، ٢٨ ھەزار و ٨٧ کەس لە دھۆک و دوو ھەزار و ٨٦٣ لە ھەڵەبجە بووە، لەنێویاندا دوو ھەزار و ٨٤٣ حاڵەتی گیانلەدەستدان ھەبووە کە ٧٨٥ لە ھەولێر، ھەزار و ٣٧٩ حاڵەت لە سلێمانی، ٥٦٦ لە دھۆک و لە ١١٣ حاڵەت ھەڵەبجە بووە.