Kasım İleri
03 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 04 کانوونی دووەم 2020
واشنتۆن - AA
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) لە بارەی کوژرانی قاسم سولەیمانییەوە روونکردنەوەیەکی نوسراوی بڵاوکردەوە و تیایدا ئەوە خراوەتەڕوو کە بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ ئۆپەراسیۆنی کوشتنی سولەیمانی ئەنجامدراوە.
ئاماژە بەوەش دراوە کە سوپای ئەمریکا بە کوشتنی سولەیمانی هەنگاوێکی پێداگرانەی بۆ پاراستنی سەربازە ئەمریکییەکان ناوە.
لە روونکردنەوەکەدا بانگەشەی ئەوەش کراوە کە سوپای قودس، بەرپرسیارن لە کوژرانی سەدان ئەمریکی و خودی سولەیمانی پلانی کێشاوە بۆ هێرش کردنە سەر سەرباز و دیپلۆماتکارە ئەمریکییەکان لەعێراق و ناوچەکە.
وەك نمونەش ئاماژە بە هێرشەکەی 27 کانونی یەکەم کراوە کە تیایدا ژمارەیەك هاوڵاتی عێراقی و ئەمریکی کوژراو و برینداربوون. هەروەها بانگەشەی ئەوە کراوە کە قاسم سولەیمانی رەزامەندی لەسەر هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانی ئەمریکا لە بەغداد دەربڕیوە.
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە درێژەی روونکردنەوەکەدا جەختی لەوە کردوەتەوە کە واشنتۆن بۆ پاراستنی هاوڵاتییان و بەرژەوەندییەکانی هەموو هەنگاوێکی پێویست دەگرێتەبەر.
وێڕای لێدوان و کاردانەوەی توندی بەرپرسانی تاران، تا ئێستا سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ هیچ لێدوانێکی نەداوە و تەنها لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر وێنەیەکی ئاڵای ئەمریکای بڵاوکردوەتەوە.
چەند بەرپرسێکی عێراقی کە نەیانویستوە ناویان ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی هەواڵی ئەی پی ئەمریکییان راگەیاندوە: لە ئۆپەراسیۆنەکەدا جگە لە قاسم سولەیمانی شەش کەسی دیکەش کوژراون کە یەکێکیان یاریدەدەری سەرۆکی حەشدی شەعبی ئەبو مەهدی ئەلموهەندس بووە.
ئەو بەرپرسە عێراقییانە ئەوەشیان ئاشکرا کردوە کە ئەلموهەندس بۆ پێشوازیکردن لە قاسم سولەیمانی بە کاروانێك چووەتە فڕۆکەخانەی بەغداد، هێرشەکەش بۆ شوێنی پێشوازییەکە ئەنجامدراوە.