Ruslan Rehimov
12 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 12 تشرینی یەکەم 2020
باکو- AA
راوێژکاری سەرکۆماری ئازەربایجان، حیکمەت حاجییەڤ داوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی و وڵاتانی مینسک کرد، پەلامارەکانی ئەرمینیا بۆسەر شاری گەنجە ئیدانە بکەن.
حیکمەت حاجییەڤ بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە رەوشەکە لەگەڵ سەرداواکاری گشتی وڵاتەکەی، کامەران عەلیێڤ سەردانی ئەو باڵەخانەیەی کرد کە بەهۆی رۆکێتەکانی ئەرمینیا-وە خاپوربووبوو.
راوێژکاری سەرکۆماری ئازەربایجان، حیکمەت حاجییەڤ دوای سەردانەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا باسی لەوە کرد کە هەموو زانیارییەکیان لە بارەی پەلامارەکەی ئەرمینیا بۆسەر شاری گەنجە، کۆکردووەتەوە تا پێشکەش بە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی بکەن و گوتی: "ئەم پەلامارەی ئەرمینیا، تاوانێکی سەربازیی و سیاسییە. هەوڵدەدەن لەڕێی بەئامانج گرتنی هاووڵاتییانی مەدەنی، گەلی ئازەربایجان بترسێنن، بەڵام لەم کارەیاندا سەرکەوتوو نابن. ئامانجیانە لایەنی سێیەم بهێننە ناو پێکدادانەکانەوە تا ئازەربایجان هێرش بکاتە سەر خاکی ئەرمینیا و دواتر ئەمە دژبە وڵاتەکەمان بەکاربهێنن، بەڵام ئازەربایجان تەنها بۆ رزگارکردنی ناوچە داگیرکراوەکانی ئۆپەراسیۆنی دەستپێکردووە و بەشێوەیەکی یاسایی ئامانجە سەربازییەکانیانی تێکشکاندووە".
حیکمەت حاجییەڤ ئەوەشی وەبیرهێنایەوە کە ئەرمینیا دوای راگەیاندنی ئاگربەست هێرشی کردووەتە سەر شاری گەنجە و داوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی و وڵاتانی مینسک کرد ئەمە لەبەرچاو بگرن و ئازەربایجان و ئەرمینیا نەخەنە یەک تای تەرازوەوە.