دەروازەی ئاکچەکالێی سەر بە پارێزگای ئورفە کە ماوەیەک بوو بە ھۆی نائارامیی باری ئاساییشەوە دادەخرا، ئێستا بۆتە دەرگای ئومێدی ئەو پەنابەرانەی لەدەست شەڕی ناوخۆی سوریا رادەکەن.
ھەر لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سوریا خەڵکی ئەو وڵاتە زێدی باپیرانیان جێھێشت و روویان لە وڵاتانی دراوسێ کرد، چەندین دەروازە لەبەردەم ئەو پەنابەرە سورییانە کرایەوە، دەروازەی ئاکچەکالێ کە سەرەتای قەیرانەکە جار جار دادەخراو دەکرایەوە، ماوەیەکە بێ پچڕانەوە بەڕووی پەنابەرانەوە واڵاکراوە، پەنابەران لەڕێی ئەو دەروازەیەوە دەتوانن ھاتوچۆی سوریایش بکەن.
بەپێی ئامارەکان تەنیا لەساڵی ٢٠١٣ زیاتر لە ١٣٣ ھەزار سوری لەڕێی دەروازەی ئاکچەکالێ چوونەتە تورکیا، زیاتر لە ١١٧ ھەزاریش بە پێچەوانەوە گەڕاونەتەوە سوریا. ھەر لەو ماوەیەدا زیاتر لە ١٦ ھەزارو ٥٤٦ بارھەڵگر کۆمەکیان گەیاندۆتە پەنابەرانی سوریا.