Hakan Çopur,Ramal Abdullah Mahmood
25 ئاب 2018•نوێکردنەوە: 26 ئاب 2018
واشنتۆن – AA
ئیداره‌ی ئه‌مریكا رایگه‌یاند، له‌سه‌ر راسپارده‌ی سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپ بڕی ئه‌و ٢٠٠ ملیۆن دۆلاری بڕیاربوو وه‌ك یارمه‌تی بۆ فه‌ڵه‌ستینییەکان دابینی بكه‌ن، بۆ پڕۆژه‌ی دیكه ته‌رخان ده‌كرێت.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له زاری گه‌وره به‌رپرسێكی وه‌زاره‌ته‌كه‌وه رایگه‌یاند، چاو به بڕی ئه‌و ٢٠٠ ملیۆن دۆلاره‌دا ده‌خشێندرێته‌وه كه بڕیار وابوو بدرێته ئیداره‌ی فه‌ڵه‌ستین و له كه‌ناری رۆژئاوا و كه‌رتی غه‌ززه به‌كاربهێندرێت.
ئه‌م راگه‌یه‌ندراوه له كاتێكدا بڵاوكراوه‌ته‌وه كه گرژییه‌كانی نێوان ئه‌مریكا و فه‌ڵه‌ستین ته‌شه‌نه‌ی سه‌ندووه و تیایدا هاتووه "له ئاكامی ئه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌دا له‌سه‌ر راسپارده‌ی سه‌رۆك ئه‌و سندوقه ئابووریه‌ی بڕی ٢٠٠ ملیۆن دۆلار له‌خۆده‌گرت بۆ ئه‌وه‌ی له كه‌ناری رۆژئاوا و كه‌رتی غه‌ززه به‌كاربهێندرێت، بۆ پڕۆژه له پێشینه‌كان ته‌رخان ده‌كرێت".
هه‌مان راگه‌یه‌ندراو ئاماژه‌ی به‌وه داوه كه له كاتی گه‌یاندنی هاوكارییه‌كانی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی به كه‌رتی غه‌ززه ره‌چاوی ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌كان ده‌كرێت و بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كردووه "كۆنتڕۆڵكردنی غەززە له لایه‌ن حه‌ماسه‌وه مه‌ترسی خستۆته سه‌ر ژیانی ئه‌وانه‌ی له‌وێ ده‌ژین".
دوای بڕیاری تاكلایه‌نه‌ی ئیداره‌ی تره‌مپ بۆ ناساندنی قودس به پایته‌ختی ئیسرائیل په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌مریكا-فه‌ڵه‌ستین گرژی زۆری تێكه‌وت، ئاماژه به‌وه‌ش ده‌درێت كه ئه‌م بڕیاره ده‌بێته هۆی ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی زیاتری گرژییه‌كان.
له كاتێكدا به‌شێك له شرۆڤه‌كاران باس له‌وه ده‌كه‌ن كه دوای بڕیاره‌كه‌ی ئیداره‌ی تره‌مپ له‌باره‌ی قودسه‌وه ئه‌م وڵاته رۆڵی نێوه‌ندگیری له ده‌ستداوه له پرۆسه‌ی ئاشته‌وایی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، دوای ئه‌و بڕیاره كاتێك جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا، مایك پێنس سه‌ردانی ناوچه‌كه‌ی كرد هیچ به‌رپرسێكی فه‌ڵه‌ستینی كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌نجام نه‌دا.