کابوڵ
ئەحمەد جاوید بەشارەت، گوتەبێژی ئاسایشی ناوچەی (باگلان) لە باکووری ئەفغانستان رایگەیاند: ھێزی ھاوپەیمان و سوپای ئەفغانستان لە ١١٧ گوندی باکووری وڵاتدا دەستیان بە ئۆپەراسیونێک کرد لەدژی چەکدارانی بزووتنەوەی تاڵیبان و بە ھۆی ئەو ئۆپەراسیۆنەوە ٩٠ چەکداری تاڵیبان و ٣٤ سەرباز کوژراون.
جاوید بەشارەت گوتی" ئامانجی ئەم ئۆپەراسیۆنە پاکتاوکردنی گوندەکانی باکووری ئەفغانستان لەچەکدارانی تاڵیبانە سەرباری کوژرانی ١٢٤ سەرباز و چەکدار ھاوکات ٣٠ چەکداری تاڵیبان و ٥٦ سەربازیش بریندار بوون".
لەلایەکی دیکەوە سەرۆکی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی ناوچەی باگلان ( عەبدولمەلیک حەنیفی) رایگەیاند: ئەگەر باری ئەمنی ناوچەکە ھێوەر بێتەوە ئەوا دانیشتوانی ناوچەکە دەتوانن کارتی دەنگدان وەربگرن.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی ھەڵبژاردنەکان لە ئەفغانستان، توندوتیژیی لەو وڵاتە پەرەی سەندووەو سوپا دووبارە دەستی بە جموجوڵی بەر فراوان کردووە.