Ekip,Aoezan Khoshnaw Najmuldeen
01 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 01 حوزەیران 2023
کیێڤ - AA
دەربارەی ئەو هێرشەی کە شەوی رابردوو سوپای رووسیا، بۆسەر کیێڤ پایتەختی ئۆکراینا ئەنجامیدا، ئەوە ئاشکرا کرا کە لە هێرشەکەدا، سێ کەس کوژراون کە دووانیان منداڵ بوون و ١٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.
سەرۆکی ئیدارەی سەربازیی شاری کیێڤ، سێرگێی پۆپکۆ لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان راگەیەندراوێکی خستووەتەڕوو و تیایدا ئەوەی ئاشکرا کردووە کە شەوی رابردوو، هێزەکانی رووسیا هێرشیان کردووەتە سەر کیێڤی پایتەخت و لە یەکی حوزەیراندا کە رۆژی جیهانی منداڵانە، رووسیا منداڵانی ئۆکراینی کوشتووە.

سێرگێی پۆپکۆ ئەوەشی خستووەتەڕوو کە "تەواوی ئەو ئامانجە ئاسمانییانەی دیاری کراون لەڕێگەی هێز و سیستمەکانی بەرگریی ئۆکرایناوە تێکشکێندراون".
سەرۆکی ئیدارەی سەربازیی شاری کیێڤ، سێرگێی پۆپکۆ ئەوەشی ئاشکرا کرد کە پارچەی مووشەکەکان بوونەتە هۆی زیانی گیانی و ماڵی و رایگەیاند: "لە قەزای دێسنای سەربە کیێڤ پارچەی مووشەکەکان بەر نۆڕینگەیەکی پزیشکیی و باڵەخانەیەکی تەنیشتی کەوتن و لە ئاکامدا، سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی ١٠ کەسی دیکەش بریندار بوون. خراپترین شتیش ئەوەیە کە دوو لە کوژراوەکان منداڵبوون".
سێرگێی پۆپکۆ هەروەها باسی لەوەش کرد کە پارچەی مووشەکەکان بەر خانوویەکی شاری دنیپرۆ کەوتوون و بەوهۆیەوە خانووەکە زیانی بەرکەوتووە، چەند ئۆتۆمبێلێکیش کە لە نزیک خانووەکە پارک کرابوون، سووتاون.