Tuğçenur Akgün
01 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 02 حوزەیران 2023
واشنتۆن - AA
ئەمریکا پاکێجێکی نوێی هاوکاریی سەربازیی بە بەهای ٣٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ ئۆکراینا راگەیاند کە تەقەمەنی بۆ سیستەمی چەکی جۆراوجۆر و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی لەخۆدەگرێت.
رێکخەری پەیوەندییە ستراتیجییەکان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، جۆن کێربی لە میانی کۆنگرەی رۆژنامەوانیی رۆژانەی خۆیدا، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.
جۆن کێربی رایگەیاند کە لە کۆگاکانی سوپای ئەمریکاوە، تەقەمەنی سەربار بۆ سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت، ستینگەرز و سیستمی مووشەکیی تۆپھاوێژی ئاستبەرز (HIMARS) بۆ ئۆکراینا دابین دەکرێت.
رێکخەری پەیوەندییە ستراتیجییەکان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا بە ئاماژەدان بەوەی کە لەگەڵ ئۆکراینییەکان کار دەکەن بۆ جێبەجێکردنی پلانێکی ئاشتی کە لە ١٠ بڕگە پێکهاتووە، رایگەیاند کە دەسەڵاتدارانی ئۆکراینا دڵنیایییان داوە لەوەی کە هێرش ناکەنە سەر خاکی رووسیا.
جۆن کێربی لە بەشێکی دیکەی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەیدا، هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی سوودان کرد و رایگەیاند، بڕیاری سوپا بە هەڵپەساردنی دانوستانەکان لەگەڵ هێزەکانی پشتیوانیی خێرا بە "بەدبەختییەکی گەورە" وەسف کرد، هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە دەیانەوێت هاوکاریی مرۆیی بگەیەنن بە سوودان و کۆتایی بە ململانێکان بهێنن.
رێکخەری پەیوەندییە ستراتیجییەکان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، جۆن کێربی سەبارەت بە هەراسانکردنی فڕۆکەیەکی ئەمریکی لەلایەن فڕۆکەیەکی چینی لە زەریای هێمن، جەختی لەوە کردەوە کە دەیانەوێت کەناڵەکانی پەیوەندی لەگەڵ چین بە کراوەیی بهێڵنەوە بە مەبەستی لێکتێگەیشتن و رێگریکردن لە رووداوی لەو جۆرە.
جۆن کێربی سەبارەت بە کۆبوونەوەی بایدن و ئەردۆغان رایگەیاند، هیچ زانیارییەکی هەنووکەیی نییە سەبارەت بەوەی کەی کۆبوونەوەکە ئەنجام دەدرێت. کێربی گوتیشی کە بایدن لە مێژە پشتیوانی لە فرۆشتنی فڕۆکەی F-16 بە تورکیا دەکات.
رێکخەری پەیوەندییە ستراتیجییەکان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، جۆن کێربی ئاماژەی بەوەش دا، هێرشەکانیان بۆسەر هێزی ئاشتیپارێزی ناتۆ لە کۆسۆڤۆ سەرکۆنە کردووە و رایگەیاند کە ئەم هێرشانە "جێگەی قبوڵکردن نین".