Hejar Hekım
31 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 01 شوبات 2017
سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا، ئیبراھیم خەلیل برۆ رایگەیاند "ئێمە وەک ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا و وەک بەشێک لە ئۆپۆزسیۆنی سووریا بەشداریمان لە کۆنگرەی ئاستانا لە کازاخستان کرد کە ئامانجی سەرەکیی لێی وەستاندنی شەڕ بوو لە سووریا. ھاوکات لایەنە شەڕکەرەکان بەشدارییان تێیدا کرد. بۆ ئێمە وەک کورد لەڕووی سیاسییەوە زۆر گرنگ بوو، چونکە ئێمە وەک ئەنجوومەنی نیشتیمانی کورد لە سووریا ھەر کۆبوونەوەیەک لەسەر رەوشی سووریا ئەنجام بدرێت، ئامادەبوونی ئێمە تێیدا زۆر گرنگە، بۆیە بەشدار دەبین، چونکە لەگەڵ وەستانی شەڕ کار دەکرێت بۆ چارەسەری سیاسی لەو وڵاتە، بۆیە پێمانوایە ھەر کۆبوونەوەک و رێککەوتنێک لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە ئەنجام بدرێت، پێویستە جێگەی کورد تێیدا دیار بێت، ھەروەھا لامان گرنگە وەک ئامانجێک رۆڵ و مافی کورد لە دەستووری نوێی سووریادا جێگەی بکرێتەوە".
ئیبراھیم برۆ، سەبارەت بەپێشمەرگەکانی لەشکری رۆژ لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵۆ گوتی: "لەشکری رۆژ، رۆژ دوای رۆژ ژمارەیان بەرەو زیادبوونە، بەشداربووەکانی زیاتر دەبێت، چەکی باش دەکەوێتە دەستی ئەم ھێزە، بۆیە داھاتووی ئەم ھێزە کوردییە ئەوەیە کە دەربازی سووریا ببێت و ئەرکی پاراستنی ناوچەکە بگرنە ئەستۆ".
سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا دەربارەی پاڵپشتی نێودەوڵەتی بۆ پێشمەرگەکانی لەشکری رۆژ لە پێدانی چەک و مەشقی سەربازییەوە گوتی: "ئێستا پێشمەرگە ناو و ناوەڕۆکێکی بەناوبانگە لای ھاوپەیمانێتی نێودەڵەتی دژبە داعش و ھەموو جیھان هەیە، بەڵام سەبارەت بەلایەنی سەربازی و ھاوکارییەکان بۆ لەشکری رۆژ زانیاریی تەواوم لەسەر نییە کە چۆن و بەچ شێوەیەک ھاوکاری دەکرێن".
سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا، ئیبراھیم برۆ سەبارەت بەڕۆڵی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، مسعود بارزانی لە چارەسەری دیپلۆماسییەوە بەتایبەت لەسەر رەوشی سووریا گوتی: "ئەمرۆ ھەموو دەوڵەتانی جیھان دەبینین کە چۆن و بەچ شێوەیەک سەردانی بارزانی دەکەن و چۆن و بەچ شێوەیەک پێشوازیی لێ دەکەن، ئەمڕۆ جیھان چاوی لە ھەرێمی کوردستانە، بۆیە رۆژ بەرۆژ سیاسەتی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھەم لە بواری سیاسیەوە و ھەم لەڕووی سەربازییەوە بەرەو پێش دەچێت، چونکە دەوڵەتان بینیان کە چۆن پێشمەرگە توانی داعش تێكبشکێنێت، لەلایەکی دیکەوە رۆڵی بارزانی بەرچاوە لە ھاوکاریکردنی خەڵکی سووریا".
ئیبراھیم برۆ سەبارەت بەئامادەکرنی پڕۆژەیەک لەلایەن رووسیا لەبارەی رەوشی سووریا و کورد لەو وڵاتە گوتی: "رووسیا تاوەکو ماوەیەک پێش ئێستا وەکو لایەنگری رژێمی ئەسەد دەناسرا، بەڵام ئێستا وەک لایەنێکی گارانتیکەرە بۆ پاراستنی خەڵکی سووریا، ئێمە نابینین کە رووسیا دژایەتی کورد بکات، رووسیا وەک دەوڵەتێکی زڵھێز رۆڵێکی بەرچاوی لە رەوشی سووریادا ھەیە، بۆیە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ رووسیا باشە، بەڵام تا ئێستا چارەسەرێکی بنچینەیی بۆ رەوشی سووریا نەدۆزراوەتەوە".
سەبارەت بەبڕیارە نوێیەکەی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ بۆ دروستکردنی ناوچەی ئارام لە سووریا کە گوایە ئەرکی پاراستنی ئەو ناوچانە بەپێشمەرگەکانی لەشکری رۆژ دەسپێردرێت سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا، ئیبراھیم برۆ گوتی: "جارێ ئەمە نادیارە، بەڵام ئەوەی دەزانین کە سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترامپ بڕیاری داوە ناوچەی ئارام دروست بکات، بەڵام ئاماژە بەناوی ناوچەکان یان شوێنەکە نەکراوە".
لەبارەی مافەکانی گەلی کورد لە سووریا و بەربەستەکانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا گوتی: "ھەندێک بەربەست ھەن لەلایەن رژێم لەلایەک و ئۆپۆزسیۆن لەلایەکی دیکەوە، ھاوکات بۆچوونی روونییان ھەیە لەبارەی ئەوەی کە خواستی چارەسەر و مافی کوردییان نییە، بەڵام با ھەموو لایەک ئەوە بزانن کە کارو خەباتی ئێمە لە ھەموو کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکانەوە بێگومان جێی خۆی دەگرێت و لە داھاتووشدا مافی کورد پارێزراو دەبێت، ھەروەھا خەبات دەکەین بۆ ئەوەی سووریا دەوڵەتێکی فیدراڵ بێت و ھەرێمێکی کوردی لە سووریا جێی خۆی بگرێت".
سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا، ئیبراھیم برۆ لە بارەی پەیوەندی پەیەدە لەگەڵ ئێران گوتی: "ئەمە شتێکی روون و بەرچاوە کە پەیەدە پەیوەندی لەگەڵ رژێمی ئەسەد ھەیە، کاتێک لە سەرەتادا ناوچەکە کەوتە دەستی ئەم ھێزە ھەموو چەکەکانیان لە رژێمی ئەسەد وەرگرتووە و ئەوەش دەزانین کە ئێران پاڵپشتی لە رژێمی ئەسەد دەکات کە بێگومان پەیوەندی بەردەوامیش لەنێوان ئێران و پەیەدەوە ھەیە".