Sangar Hamad Azeez
01 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 01 تشرینی یەکەم 2016
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا مارک تۆنەر جەختی کردەوە لەوەی کە تاوەکو ئێستا لەگەڵ رووسیا لەسەر بابەتی سووریا نەگەشتوونەتە ئەنجامی کۆتایی و گوتی: "لەگەڵ رووسیا چەندین هەڵبژاردەمان لەپێشە. زۆربەی هەڵبژاردەکانیش دەرئەنجامی باشی نابێت، هەربۆیەش ئێمە دەمانەوێت تا ئەو کاتەی لەگەڵ رووسیا دەگەینە رێککەوتنێکی کۆتایی دەرگاکان بە رووی گفتوگۆ دانەخەین".
مارک تۆنەر لە میانی کۆنگرەی رۆژانەیدا باسی لە پیوەندییەکانی ئەمریکا و رووسیا کرد لە بارەی سووریاوە.
تۆنەر ئاشکرایکرد کەوا جۆن کیری وەزیری دەرەوی ئەمریکا لە کاتی گەڕانەوەی لە ئیسرائیل لە ریگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە وەزیری دەرەوەی رووسیا سێرگی لاڤرۆڤ کردووە.
تۆنەر جەختی کردەوە لەوەی کە تاوەکو ئێستا رووسیا و ئەمریکا لەبارەی سووریاوە نەگەشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی و گوتی: "تاوەکو ئێستا لە هەمان خاڵین، دەرگاکانمان تەواو دانەخستووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی رووسیا هیچ یەک لەو هەنگاوانەی نەناوە کە پێویست بوو بینێت نزیکین لەوەی کە کۆتایی بە پەیوەندییەکان بهێنین لەو بابەتەوە".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی: "هەروەک لە چەند جاری رابردووشدا رامگەیاندووە، لەگەڵ رووسیا چەندین هەڵبژاردەمان لەپێشە. زۆربەی هەڵبژاردەکانیش دەرئەنجامی باشی نابێت، هەربۆیەش ئێمە دەمانەوێت تا ئەو کاتەی لەگەڵ ئەو وڵاتە دەگەوینە رێککەوتنێکی کۆتایی دەرگاکان بە رووی گفتوگۆوە دانەخەین و تا ئەو کاتەی کە دڵنیا دەبین کە رووسیا لە باتەکە گەشتووە".
تۆنەر جەختی کردەوە لەوەی کە ئەمریکا نایەوێت گرژی لەگەڵ لایەنگرانی رژێمەکەی سووریا دروست بکات و گوتی: "لە کاتێکدا ئێمە دەمانەوێت کارەکان بە دیپلۆماسییەت بەڕێوەبچن و نامانەوێت گرژی لەگەڵ لایەنگرانی رژێمەکەی ئەسەد دروست بکەین بەڵام دەمانەوێت دەرئەنجامی کارەکان بە کۆتا هاتنی جەنگ لەو وڵاتە کۆتایی بێت".
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە ئەگەر پێشهاتەکانی حەلەب بەو شێوەیە بەردەوام بن ئایا سەرۆکی ئەمریکا باراک ئۆباما بیر لە زیادکردنی گەمارۆکانی سەر رووسیا دەکاتەوە؟ تۆنەر گوتی: "یەکێک لە بژاردەکانمان بریتییە لە زیادکردنی گەمارۆکان".