Burak Karacaoğlu
06 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 07 تشرینی دووەم 2019
ئیدلب - AA
بەھۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا و رژێمی ئەسەدەوە، ھەشت ھاووڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا و ١٠ی دیکەش برینداربوون.
رژێمی بەشار ئەسەد و فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا جارێکی دیکە شاری ئیدلبیان کردەوە ئامانج و بۆردومانی چەند ناوچەیەکی سڤیل نشینیان لە ناوچەی کەمکردنەوەی گرژییەکانی ئەو شارە کرد.
بەھۆی بۆردومانەکانەوە ھەشت کەس گیانیان لە دەستدا و ١٠ی دیکەش برینداربوون کە سەرجەمییان ھاووڵاتی مەدەنی بوون.
ھەروەھا ھێزەکانی سەر بە رژێم لەڕێی زەمینی و ئاسمانییەوە بۆردومانی شارۆچکەکانی جیسیر و شوغور و گوندەکانی مەراند، ھالوز، شەیخ سیندیان، نوقەییر، غەسانییە و ھەزارینیان کرد.
بەگوتەی خاڵی چاودێری فڕۆکەوانی سەر بە ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا، فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا بۆردومانی شارۆچکەی ماراتیننومانی سەر سنووری ناوچەی کەمکردنەوەی گرژییەکانی ئیدلب و گوندەکانی سینان، کەفەر سەجنە، بینین، ڕەقایا، شەیخ موستەفا، مارشورین، مارتھیرمە و سەنحارایان کردووە.
بەرپرسێکی تیمی بەرگری شارستانی ئیدلب رایگەیاند کە بەھۆی بۆردومانەکانەوە لە گوندی سەنحارا ٦ کەس و لە شارۆچکەکانی جیسیر و شوغور ٢ کەس گیانیان لەدەستداوە کە لەنێویاندا منداڵ ھەیە، ئەمە جگە لە برینداربوونی زیاتر لە ١٠ کەسی دیکە.
شەوی ڕابردووش، فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا نەخۆشخانەیەکی منداڵانیان کردە ئامانج و لە ئاکامدا ٢ کارمەندی تەندروستی برینداربوون.
تەنھا لەم ھەفتەیەدا بەھۆی بۆردومانەکانی رووسیا و رژێمی ئەسەدەوە بۆ سەر ناوچەی کەمکردنەوەی گرژییەکانی شاری ئیدلب، زیاتر لە ٢٠ ھاووڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە.