تاران
سەرۆكی دەزگای وزەی ئەتۆمی ئێران عەلی ئەكبەر ساڵحی، لە گرتەیەكی ڤیدیۆیی كەلە ماڵپەری تەلەڤزیۆنی فەرمی ئێراندا بڵاو كراوەتەوە دەڵێ: "ئامادەكارییەكانی رێئاكتۆری ئەتۆمیی ئەراك كە خەریكە تەواو دەبێت، پارچەیەكە لە رێككەوتنی جنێڤ كە لە نێوان ئێران و ھەرپێنج وڵاتی ئەندامی ھەمیشەیی نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەڵمانیا واژوو كراوە."
بەرپرسانی ئێرانی ئاماژەیان بەوە كرد، ئەم ئامادەكارییانە دەستبەكاربوونی رێئاكتۆرەكە نزیكەی پێنج ساڵە دوا دەخات.
رێئاكتۆرەكەی لە شاری ئەراك بە شێوە پێشووەكەی، وا دروست كرابوو كە توانای ھەبوو بە رێژەیەكی زۆر پلووتۆنیۆم بەرھەم بێنێ. نوێنەرانی وڵاتانی 5+1 لە دانوستانەكانی لەگەڵ ئێراندا، نیگەرانی خۆیان لەبارەی رێئاكتۆری ئاوی قورسی ئەراك دەربڕیبوون و داوایان لە ئێران كردبوو، ئەو رێئاكتۆرە دابخات و رێئاتۆرێكی دیكە دابمەزرێنێ كە كەمتر توانای بەرھەم ھێنانی پلووتۆنیۆمی ھەبێ.
ئێرانیش بە بیانووی ئەوەی پێویستی بە رێئاكتۆری ئاوی قورسی ئەراك ھەیە بۆ بەرھەمھێنانی رادیۆئیزۆتۆپ بە مەبەستی بەكارھێنانیان لە پێداویستییەكانی پزیشكی داكۆكی لە پڕۆژەكەی كردبوو. بەڵام بە مەبەستی نەهێشتنی نیگەرانییەكان پێشنیازی كرد، كە توانای بەرھەمھێنانی پلووتۆنیۆمی رێئاكتۆرەكە بۆ رێژەی پێنج یەك دابەزینێت.