له‌نده‌ن
دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی گرته ڤیدیۆی كوشتنی رۆژنامەنووسی ئەمریکی جه‌یمس فۆلی له لایه‌ن چه‌كدارێكی داعشه‌وه كه باس لەوە دەکرێ هاوڵاتی به‌ریتانیایه، حكومه‌تی ئەو وڵاتە لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌باره‌ی ئه‌و هاوڵاتییانهوە ده‌ستپێكرد كه گه‌شتی عێراق و سوریایان كردووه.
له‌وباره‌یه‌وه ژماره‌یه‌كی زۆر له سیاسه‌تمه‌دارانی ئه‌و وڵاته داوایانكرد هه‌ڵوێستی توندتر به‌رامبه‌ر ئه‌و كه‌سانه بگیرێته‌به‌ر كه ده‌چنه ناو رێزه‌كانی ئه‌و رێكخراوهوە.
وه‌زیری ناوخۆی به‌ریتانیا تێریسا مای رایگه‌یاند، ئاماده‌كارییان كردووه بۆ زیادكردنی چاكسازی نوێ له‌و یاسا نوێیانه‌دا كه له‌وباره‌یه‌وه ده‌رده‌كرێن.
مامۆستا له زانكۆی باس له باشووری خۆرئاوای به‌ریتانیا د. ریزوان سابیر، کە پسپۆڕە له بواری توندوتیژی سیاسی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی "تیرۆریزم"، له لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه حكومه‌ت "به‌پێی پێویست كاری نه‌كردووه بۆ ئاشكراكردنی هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی توندوتیژی، جگه له ده‌ركردنی یاسای نوێ، پێویسته چاو به سیاسه‌تی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌دا بخشێنرێته‌وه."
پسپۆڕ له بواری به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی "تیرۆر" و راوێژكاری حكومه‌تی پیشووی به‌ریتانیا جاهان مه‌حمود، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد کە سیاسه‌تی به‌ریتانیا یه‌كێك بووه له هۆكاره‌كان و گوتی: "ئه‌مڕۆ ژماره‌یه‌كی زۆر له گه‌نجانی موسڵمان له زۆربه‌ی وڵاتاندا دووچاری رادیكالیزم بوونەتەوە، قه‌یرانی مه‌عنه‌ویش یارمه‌تیده‌ری ئه‌وه بووه."
گوتیشی: "ئه‌و گه‌نجانه‌ی بەشێکیان تووشی تاوان و كێشانی ماده هۆشبه‌ره‌كان بوونە و رۆچوون له تاواندا، ده‌یانه‌وێ به‌ر لێبورده‌یی بكه‌ون، كاتێ ده‌بینن ژنان و منداڵان و پیاوانی موسڵمان رووبه‌ڕووی وه‌حشیگه‌رانه بوونه‌ته‌وه، ده‌یانه‌وێ له دونیادا شتێكی جیاواز بكه‌ن، بۆ ئه‌مه‌ش ده‌بنه چه‌كدار و ده‌خوازن بچنه به‌هه‌شته‌وه."
هه‌روه‌ها جاهان مه‌حمود ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه ئه‌وانه‌ی گه‌شت بۆ سوریا ده‌كه‌ن هه‌موویان ناچنه ناو رێكخراوه‌كانی وه‌ك داعشه‌وه، به‌ڵكو رێكخراوی دیكه‌ش له‌و وڵاته‌دا هه‌ن. گوتیشی: "له سوریادا رێكخراو هه‌یه كه به‌ریتانیا پاڵپشتی ده‌كا، ئه‌وه‌ی ده‌وترێ هه‌ركه‌سێك كه ده‌چێته سوریا په‌یوه‌ندی به داعشه‌وه ده‌كا گوته‌یه‌كی كه‌مێك نابه‌رپرسیارانه‌یه."
لای خۆیەوە ریزوان سابیر ئەوەشی راگه‌یاند، ئه‌و به‌ڵگانه‌ی پشتیوانی ئه‌و ده‌نگۆیانه ده‌كه‌ن كه به گه‌ڕانه‌وه‌ی هاوڵاتییه به‌ریتانییه‌كان له عێراق و سوریاوه راسته‌وخۆ هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر به‌ریتانیا دروست ده‌كه‌ن، به‌پێی پێویست نییه و گوتی: "ئه‌و به‌ڵگانه‌ی له به‌رده‌ستدان ده‌ریده‌خه‌ن كه له 2001ه‌وه تا ئیستا ئه‌وانه‌ی مهحكومكراون به تاوانی تیرۆر، نزیكه‌ی هه‌موویان بۆ به‌شداری له شه‌ڕ و پیكدادانهكان یان وه‌رگرتنی مه‌شق نه‌چوونه‌ته ده‌ره‌وه."
سه‌رۆكوه‌زیرانی به‌ریتانیا ده‌یڤد كامیرۆن و لێپرسراوانی ئاسایشی ئه‌و وڵاته له مانگی حوزه‌یراندا رایانگه‌یاندبوو، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و جه‌نگاوه‌ره بیانییانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌وه ده‌گه‌ڕێنه‌وه به‌ریتانیا "هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره" دروست ده‌كه‌ن، حكومه‌ت ده‌ستیگرتووه به‌سه‌ر پاسپۆرته‌كانیاندا و به ئامانجی رێگەگرتن له‌وه‌ی ببنه توندڕه‌و، ڕێگرییان لێ ده‌كا سه‌ردانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات بكه‌ن.
رێكخراوه‌كانی وه‌ك كۆمیته‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی موسڵمان كه ناوه‌نده‌كه‌ی له به‌ریتانیایه، هاوبیره له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه چه‌ندین هۆكار هه‌یه له‌به‌رده‌م بوونی گه‌نجه به‌ریتانییه‌كان بۆ بوونه توندڕه‌و.
له‌وباره‌یه‌وه گوته‌بیژی رێكخراوی ناوبراو ره‌زا نه‌دیم، له لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگه‌یاند: "هه‌ندێ له‌وانه‌ی به مه‌به‌ستی به‌شداری له شه‌ڕه‌كاندا ده‌ڕۆن بۆ ئه‌و وڵاتانه، له‌و باوه‌ڕه‌دان داعش رێبازی پیغه‌مبه‌ری ئیسلام په‌یڕه‌و ده‌كا. هه‌ندێكی دیكه‌شیان كه له به‌ریتانیا و وڵاتانی دیكه ده‌ژین هه‌ست به په‌راوێزخستنی مافه‌كانیان ده‌كه‌ن."
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی حكومه‌تی به‌ریتانیا، 500 هاوڵاتی به‌ریتانی به مه‌به‌ستی په‌یوه‌ندیكردن به ریزه‌كانی داعشه‌وه روویان له سوریا كردووه.